کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی کە خاوەنی هەشت شەهیدەو خەڵکی کەرکوکە، دژایەتی خۆی بۆ پرۆژەکەی نەجمەدین کەریم رادەگەیەنێت کە داوا دەکات" کەرکوک بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆ".
چەتۆ ساڵح پێشمەرگەی دێرین خاوەنی هەشت شەهیدی خێزانەکەی لە پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەناونیشانی ( نا بۆ بەهەرێمکردنی کەرکوک) کە وەک نامەیەکی کراوە بڵاویکردۆتەوە، دەڵێت" بۆ خاوەنی ئەم بیرۆكەیه، من وەك و كەركوكیەك و، وەك خاوەنی هەشت شەهید لەباوك و براو، وه ك پێیشمەرگەیەكی پارتیزانی و كادرێكی یەكێتی لێرەوه رایدەگەیەنم كه دژایەتیەكی سەرسەختی ئەوبیرۆكەیەم و هه موو رێوشوێنیك دەگرمە بەر بۆ پەكخستنی ئەم پیلانە ژەهراویەی دەرحەق بەكەركوكی شەهیدستان دەكرێت".
چەتۆ ساڵح دەڵێت" كەركوكێك تائیستاش خوێنی لێدەچۆڕێت، دەشزانین جگه له ئەجێندایەكی توركی و مەرامێكی كەسی هەیه بۆ شاردنەوەی گەندەڵیەكانی پێشوو و بەشەرعەنەكردنیان بۆ ئێستاو داهاتوو".
ئەو خاوەن هەشت شەهیدە لەکۆتای پۆستەکەی دەڵێت" کەرکوک زۆر لەوە گەورەتر و پیرۆزتره و دڵنیام شارە خێر له خۆنه دیوەكەم دەتانكات بەپەندی زەمانە".