وێنە.. "ژمارەیەك هەڵسوڕاوی گۆڕان واز دەهێنن دەچنە ناو پارتییەوە"
ماڵپەڕێكی نزیك لەپارتی بڵاویکردەوە: ژمارەیەك هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان واز لەو بزووتنەوەیە دەهێنن و پەیوەندیی بە پارتییەوە دەكەن و لەهەولێر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە كۆدەبنەوە.
بەپێی راپۆرتی سایتێكی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان، دەیان هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، سەردانی شاری هەولێر دەكەنو پەیوەندی بەپارتی دیموكراتیی كوردستانەوە دەكەن و یەكێك لەو هەڵسووڕاوانە ئەوە ئاشكرا دەكات كە لەنێو گۆڕاندا نا عەدالەتی هەیە.
باسنیوز دەڵێت، رۆژی سێشەممە 21\6\2016، لە دوو شاندی جیاوازدا، دەیان كاندیری بزووتنەوەی گۆڕان، سەردانی هەولێریان كردووە و پەیوەندییان بە ڕیزەكانی پارتییەوە كردووەو لەگەڵ جەعفەر ئیمنكی، بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستن و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی و د. محەمەد حاجی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دانیشتوون.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی (باسنیوز)، شاندی یەكەم، لە فرسەت ئەحمەد ساڵح، باژێڕوانی پێشووی گۆڕان لەشارۆچكەی خەبات لەسنووری پارێزگای هەولێرو كادیرو ئەندامانی ژوورو بازنەكانی خەباتی گۆڕان پێكهاتوون كە ماوەیەك لەمەوبەر دەست لەكاركێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاندبوو و ئەمڕۆ بەتەواوی هاتنە نێو ڕیزەكانی پارتییەوە.
ئەوەشی ئاشكرا كردووە، كە شاندی دووەم لە ژمارەیەك هەڵسووڕاوی ڕانیەی ئەو حزبە پێكهاتووە، لەوبارەیەشەوە، جیهاد عەبدوڵڵا بایز، یەكێك لە هەڵسووڕاوەكانی ڕانیەی گۆڕان كە ئەمڕۆ پەیوەندی بەپارتییەوە كردووە، ڕایگەیاند: ژمارەمان 9 هەڵسووڕاوە و پلەی جیاجیامان هەیە، بڕیارمانداوە لەمەودوا لەڕیزەكانی پارتی دیموكراتیی كوردستان كاری سیاسیی خۆمان بكەین.
ئاشكراشی كرد: بەهۆی ناعەدالەتی كە لەنێو گۆڕاندا هەیە، هەروەها بەهۆی ڕێككەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی، دەستمان لەكار كێشاوەتەوە.
PM:09:17:21/06/2016