سلێمانی .. ئاسایش دەستگیركردنی باندێكی راگەیاند

ئاسایشی سلێمانی دەستگیر كردنی باندێكی دزكردنی راگەیاند و ئاشكرایكردوە، تەمەنی دەستگیركراوەكان لەنێوان (25-45) ساڵدایە.

ئەمڕۆ (شەممە 2/7) ئاسایشی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردوە، بەفەرمانی دادوەر، سەعات 11ی شەوی رابردوو (هەینی 1/7) هێزەكانیان توانیویانە لەیەكێك لەبازگەكاندا سێ كەس دەستگیربكەن كە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانیان دزیوە.

سەبارەت بەتەمەن و كاری ئەو دەستگیركراوانەش، لەڕاگەیەنراوەكەی ئاسایشدا هاتوە "(ك،م،ق) تەمەن 26 ساڵ، رەگەز (نێر) پیشەی كاسبە و (أ،م ،ع) تەمەن 25 ساڵ ، رەگەز نێر پیشە كاسبە و (أ،م،ڕ) تەمەن 45 ساڵ رەگەز (نێر) پیشەی كاسبە و سەرجەم تۆمەتباران دانیشتوی شاری سلێمانین و ئۆتومبێلیان دزیوە و ساڵانەكەیان ساختەكردوە".

هەروەها ئەوەش رونكراوەتەوە كە ئەو سێ كەسە لەماوەی دە رۆژی رابردوودا سێ ئوتۆمبێلی جۆری مازدایان دزیوە و دووانیان لەشاری هەولێر فرۆشتوەو توانراویشە دەست بەسەر ئوتۆمبێلی سێیەمدا بگیرێت.




PM:01:34:02/07/2016