هەپەگە: شارەكانی هەرێمی كوردستان ئالۆزیی تێدەكەوێت
هەپەگە پەیامێكی ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكاتو دەڵێت رێگری لەهاتوچۆی سەربازانی تورك لەناو هەرێم بگرن تا ئاڵۆزیی نەكەوێتە ناوشارەكانی هەرێمەوە.
بەپێی لێدوانەکەی هەپەگە "لە 29.05.2016 ئەو هێزە داگیرکەرەی تورکیا کەلە شارەدێی کونەماسی شارۆچکەی ئامێدی دهۆک نیشتەجێن، چوونەتە ناوچەی گرێ ئۆرتێ لەناوچەی مەتینا، لەوێ لەگەڵ گەریلاکانی هەپەگە بەشەڕهاتوون و لە ئەنجامدا دوو گەریلا شەهیدبوون و گەریلایەک بەبریندار بەدیل گیراوە، هەروەها چەند سەربازی تورکیش کوژراون".
لەبارەی ئەو هێرشە و هەبوونی هێزە تورکیەکان لەسەر خاکی باشور بەختیار دۆغان، وتەبێژی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستی گەل (هەپەگە) بەمیدكانی حیزبەكەی راگەیاند :" دوێنێ لەبارەی شەڕەوەکەوە زانیاریەکانمان ڕاگەیاند، هەبوونی هێزە سەربازیەکانی تورکیا لەسەر خاکی باشوری کوردستان بۆ بەرگری و پاراستنی باشور نیە، خەڵکی باشوریش ئەو ڕاستیە باش دەزانێت کە تورکیا بۆ بەردەوامیدان بەداگیرکاری لە چەند جێگەی ستراتیژی بارەگای سەربازی خۆی لەباشوور کردوەتەوە ".
دۆغان، دەڵێت: جگەلەوەی دژی گەلی کورد ئەو بارەگایانەیان کردوەتەوە، لەبناغەدا بۆ شەڕی پەکەکە لەوێ نیشتەجێ کراون، لەم ساڵانەی دواییەدا و لەدوای ئەو شەڕە لە 24 تەموزی ساڵی ڕابردوەوە دەستیپێکردوە، ئەو بارەگا تورکیانە لەناوچەکاندا کەوتونەتە جموجوڵ، کاری سیخوڕی و چاودێریکردنی گەریلاکانمان دەکەن، پیلانی خراپیان داناوە و دەیانەوێت گوشار لە خەڵکی وڵاتپارێزی باشور بکەن.
بەپێی قسەکانی ناوبراو، ئەو بارەگا سەربازیە تورکیانەی لە باشورن، دەیانەوێت ناکۆکی و دووبەرەکی لەنێوان کوردان دروستبکەن، هەبوونی چەندین بارەگای گەورە و هێزێکی گەورەی پڕچەکی تورک لەسەر خاکی باشور لەناوچەکانی بادینان مەترسیەکە لەسەر دەستکەوتەکانی باشور، هیچ واتایەکیش بۆ مانەوەی ئەو هێزانە لە باشوور نەماوە.
دۆغان باس لە پیلانەکانی تورکیا لەو سەربازگانە دەکات و دەڵێت:" ئەرکی حکومەت و دامودەزگاکانی هەرێم و ڕۆشنبیران و گەلی کورد بەگشتی لە باشووری کوردستان ئەوەیە کە لەبەرامبەر ئەو پیلانە مەترسیدارانەی لەو بارەگایانەوە دژی گەلی کورد و بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان دادەڕێژرێت هۆشیاربن و هەڵوێستیان هەبێت، چونکە تا ئێستا هەڵوێستەکان لەچوارچێوەی لێدوان و هەڵوێستی وڵاتپارێز و ڕۆشنبیراندا بووە، ئەوەش بەس نیە، چونکە تورکیا لەناو بارەگا سەربازیەکانی لەباشووری کوردستان پیلانی مەترسیداری بۆ کوشتنی کوردانی داڕشتووە ".
لەکۆتایی قسەکانیدا وتەبێژی ڕاگەیاندنی هەپەگە بەختیار دۆغان هەڵوێستی خۆیان لەبەرامبەر جموجوڵی سەربازی تورکیا لە سەر خاکی باشوور بەم شێوەیە ئاشکرا دەکات:" ئێمە لە هەرێمی پاراستنی مەدیا وەک گەریلا بەرامبەر هەر جۆرە جموجۆڵێکی داگیرکارانەی سوپای تورک کە دژی نرخ و بەهاکان و خاک و گەلەکەمان و گەریلاکانمان دەیکەن بێدەنگ نابین و وەڵامیان دەدەینەوە".
ھێزە سەربازییەکانی تورکیا لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان بەسەر 13 بنکە و بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەکانی پارێزگای دھۆک جێگیرکراون، لەناو ئەو ھەموو بنکە و بارەگا سەربازییانەدا بەشی ھەواڵگریشی تێدایه.
گەورەترین بارەگایان لە شارەدێی کانی ماسییە کە نزیکەی 1500 سەرباز و جەندرمە و تیمی تایبەتی بەچەکی گرانەوە تێدایە.
PM:02:22:03/07/2016