پارتی هەڕەشەی توند لە پەكەكە دەكات

پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا بۆ پەكەكە دەڵێت "هەر كەس و لایەنێك دەستدرێژیی بكاتەسەر كادر و لایەنگرانی پارتیمان، دەبێ‌ چاوەڕێی كاردانەوەی توندی پارتی بن".

پەیامەكەی پارتی لەبەرامبەر بڵاوكردنەوەی هەواڵێكە لەبارەی دەستگیركردنی چەند ئەندام و لایەنگرێكی پارتی بەتۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئەو پارتە و توركیا،. لەوبارەیەشەوە وتەبێژی رەسمیی پارتی دەڵێت "خەڵكی تێكۆشەری كوردستان ئاگاداردەكەینەوە كە سەرلەبەری ئەم هەواڵ و زانیاریانە هەڵبەستراون و دوورن لە راستییەوە".

دەقی پەیامەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان:

ماوەیەكە چەند سایت و كەناڵێكی تەلەفزیۆنی سەربە پەكەكە هەندێ‌ هەواڵ و زانیاریی هەڵبەستراو و دروستكراو بڵاودەكەنەوە و ناوی دۆست و لایەنگرانی پارتیمان دێنن بۆ لەكەداركردن و ناوزڕاندنیان. بۆیە خەڵكی تێكۆشەری كوردستان ئاگاداردەكەینەوە كە سەرلەبەری ئەم هەواڵ و زانیاریانە هەڵبەستراون و دوورن لە راستییەوە، ئامانجی پەكەكەش لەو چەواشەكارییە و هێرشی راگەیاندنیان بۆ دوو مەبەستە:
یەكەم: رەوایەتیدانە بەو كەڵەگایەتییەی لە گوندنشینەكانی دەكات و ناهێڵن ژمارەیەكی زۆر لەو گوندانە ئاوەدان بكرێنەوە، ئەوەندەشی كە ئاوەدان كراونەتەوە دووبارە چۆڵ و وێران ببنەوە، وەكو رەفتاری دەیان ساڵەیان.
دووەم: بۆ ناشرینكردنی پارتیمان و نیشاندانی دژایەتییانە بۆ ئەو هەوڵە نەتەوەیی و نیشتمانیانەی، پارتی سەبارەت بە ریفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان دەیهاوێت.
باشترە پەكەكە واز لەم چەواشەكاریانە و بڵاوكردنەوەی زانیاریی هەڵبەستراو بێنێت و پێویستە ئەوەش بزانن كە هەركەس و لایەنێك دەستدرێژیی بكاتە سەر كادر و لایەنگرانی پارتیمان، دەبێ‌ چاوەڕێی كاردانەوەی توندی پارتی بن.

وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان
14/7/2016




PM:03:13:14/07/2016