تاڵەبانی بەرەو ئەوروپا بەڕێ كەوت
ئەمرۆ تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەمەبەستی پشكنینی تەندروستی سەردانی ئەوروپا دەكات و تیمی پزیشكیەكەشی ئاماژە بەوەدەكەن پشكنینەكان بەرنامەیەكی ئاسایی خۆیەتی.
میدیاكانی سەر بە یەكێتی بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ 20/7 سكرتێری گشتی حزبەكەیان بەمەبەستی تێستی تەندروستی، بەرەو ئەوروپا بەڕێ كەوتوە.
لەبارەی ئەو پشكنینانەی مام جەلال، تیمی پزیشكی تاڵەبانی ئاماژەیان بەوە داوە ئەو تێستە لەچوارچێوەی تێستە ئاساییەكاندایە كە چەند مانگ جارێك دەكرێت و بۆ دڵنیابونە لە رەوشی تەندروستی.
ئەو تیمە پزیشكییە دڵخۆشی خۆیان بە باشتربونی تەندروستی مام جەلال دەربڕیوە و باسیان لەوە كردوە بەرەو باشتریش دەڕوات. هەروەك دەڵێن "ئەو سەردانە پێشتر بەرنامەی بۆ دانراوە، چاوەڕوانیش دەكرێت پشت بەخودا لە ماوەیەكی نزیكدا بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان".
بەپێی سایتەكانی یەكێتی، هەریەكە لە كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێی گشتی، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری تاڵەبانی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە لەگەڵ باڵیۆز محەمەد سابیر ئامادەی بەڕێ كردنی تاڵەبانی بون.
PM:02:06:20/07/2016