پارتی: ئاسایشی یەکێتی بەرپرسە لە کوشتنی گەنجەکەی كەركوك
بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی سەبارەت بە هۆکاری کوشتنی گەنجەکەی کەرکوک دەڵێت: بۆمان دەرکەوتووە کە لە لایەن ئاسایشی یەکێتییەوە بردراوە بۆ قەرەهەنجیر، ئاسایشی یەکێتی لەم دۆسیەیە بە بەرپرسیار دەزانین.
محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکوک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو کەسەی لە کەرکووک کوژراوە، کادیری پارتی دیموکراتیی کوردستان نەبووە، بەڵام لایەنگری پارتی بووە، چونکە وێنەی بارزانی و نێچیرڤان بارزانی وەک تاتۆ لە جەستەی دیارە”.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان پێیان وایە، ئەو گەنجەی کەرکوک لەسەر تاتۆیەک کوژراوە و گوتی: "چاودێریی بابەتەکە دەکەین و بەدواداچوون دەکەین، بۆمان دەرکەوتووە کە لە لایەن ئاسایشی یەکێتییەوە بردراوە بۆ قەرەهەنجیر، ئاسایشی یەکێتی لەم دۆسیەیە بە بەرپرسیار دەزانین".
محەمەد کەمال ئەوەی ڕوون کردەوە کە خەڵکی کەرکوک لەسەر دۆسیەی کوشتنی گەنجەکە زۆر نیگەرانن، چونکە ئەمە بە سەرەتایەک بۆ دروستبوونی فیتنە لەو شارە دەزانن.
PM:04:52:24/07/2016