بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی
ڕووداو لەسەر سكاڵایەكی بانكی نێودەوڵەتیی كوردستان، گۆرانیبێژ زەكەریا عەبدوڵڵا
زیاتر لە دوو مانگە سەفەركردنی لێ قەدەغە كراوە، سەرەڕای ئەوەش لە كۆتایی مانگی
رابردوودا لەڕێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە سەفەری دەرەوەی وڵاتی كردووە.
ئەمڕۆ ماڵپەڕی ڕووداو
بڵاویکردەوە بەپێی نووسراوێكی دادگای بەرایی هەولێر 2، بە ژمارە (42/ منع سفر/ ب2/
2016) كە لە رۆژی 20/6/2016 دەرچووە و ئاراستەی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی
هەولێر و سلێمانی، خاڵە سنوورییە نێودەوڵەتییەكانی (ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران،
باشماخ، فیشخابوور) كراوە، قەدەغەی هاتوچۆكردن لەسەر زەكەریا عەبدوڵڵا دانراوە كە
پێشتر موزیسیان و گۆرانیبێژ بوو.
بەپێی
زانیارییەكان، زەكەریا عەبدوڵڵا بڕی زیاتر لە شەش ملیۆن دۆلاری بە قەرز لە بانكی
نێودەوڵەتیی كوردستان وەرگرتووە، بەڵام لە كاتی خۆیدا قەرزەكەی نەگەڕاندووەتەوە.
رائید هۆگر عەزیز بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە "رۆژی 21/7/2016
نوێنەری بانكی نێودەوڵەتیی كوردستان لە بنكەیەكی پۆلیسی شاری هەولێر داوایەكی
یاسایی لەسەر هونەرمەند زەكەریا عەبدوڵڵا تۆمار كردووە كە زەكەریا عەبدوڵڵا لەساڵی
2012دا بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری لەو بانكە بۆ ماوەی شەش مانگ بە قەرز وەرگرتووە،
بەڵام تا ئێستا پارەكەی نەداوەتەوە و كۆی ئەو پارەیەش كە ئێستا قەرزداری ئەو بانكەیە
بڕی شەش ملیۆن و 375 هەزار دۆلارە، لەبەرئەوەی لەو كاتەوە تائێستا بڕی ملیۆنێك و
375 هەزار دۆلار فائیزی چووەتە سەر".
هەروەها تەلار
فایەق، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر راگەیاند "نووسراوەكە
بەنێوی سیانیی زەكەریا عەبدوڵڵا حەسەنەوە هاتووە، زەكەریاش بە پاسپۆرتی سوێدییەوە
گەشتی كردووە كە ناوەكەی لە پاسپۆرتە سوێدییەكەدا جیاوازە لە نێوی سەر نووسراوەكە،
بۆیە رێگەی گەشتكردنی پێدراوە".