نەوشیروان مستەفاو بارزانی پەیامێک ئاڕاستەی یەکتر دەکەن

شەوی ڕابردوو نەوشیروان مستەفا و د.فوئاد حسێن، نوێنەری بارزانی، لە گردی زەرگەتە کۆبوونەوەوە و ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆچوونی خۆی سەبارەت بە دۆخی هەرێم و بە نوێنەرەکەی بارزانی وتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزووتنەوەی گۆڕان بە سپی میدیای ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکە نزیکەی کاتژمێرێکی خایەندووە و تێیدا فوئاد حسێن پەیامێکی لە بارزانییەوە بۆ نەوشیروان مستەفا هێنابوو و ئەمە یەکەم کۆبوونەوە بووە کەزیاتر بۆ گۆڕینەوەی ئەفکاری چارەسەری کێشەکان بووە.

سەرچاوەکە وتیشی کە نەوشیروان مستەفا وەڵامی پەیامەکەی بارزانی داوەتەوە و لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و قەیرانەکانی هەرێم بۆچوونی خۆی بە نوێنەرەکەی بارزانی گەیاندووە.

کۆبوونەوەکە بە دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوەچوو، دواتریش نوێنەرەکەی بارزانی لەگەڵ مەلا بەختیار و، کۆبوونەوەیەکی تایبەتیشی لەگەڵ هێڕۆ ئیبراهیم سازکردبوو.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە میدیای فەرمی گۆڕان بە هیچ شێوەیەک هەواڵی لەسەر سەردانەکەی فوئاد حسێن بۆ لای نەوشیروان مستەفا بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان کۆبوونەوەکان بەردەوامی دەبێت.



AM:09:42:25/07/2016