مارتین شافەر وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی تورکیا نیگەرانی خۆیانی ڕاگەیاند.
هەروەها شافەر داوای لە حکومەتی تورکیا کرد کەوا دەرگای زیندانیەکانی بە ڕوی چاودێری نێودەوڵەتیەکان بکاتەوە و ڕێگەیان بدات لێکۆڵینەوەی شەفافانە ئەنجام بدەن.
مارتین لەدرێژەی قسەکانیدا:" دوای ئەوەی هەوڵی کودەتا درا لە وڵاتی تورکیا بە مافی حکومەتی تورکی دەزانین کەوا لەگەڵ کودەتاچیەکان لێپێچینەوە بکات و بە سزای دادپەروەرانەیان بگەیەنێت. بەڵام دەستگیرکردنی ژمارەکەی زۆر لە رۆژنامەنوسان و دورخستنەوەی دەیان هەزار فەرمانبەری حکومی لە کارەکانیان، گومانی ئەوەمان لا دروست دەکات کەئەم کەسانە چ پەیوەندیەکیان بە کودەتاوە هەیە؟ وەک بەڕێز فرانک شتانمایەر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پێشتر ڕایگەیاند: ئێمە وەک حکومەتی ئەڵمانیا پێمان وایە کە دەبێت بەرەنگاربونەوەی کودەتاچیان لە چوارچێوەی سەروەری یاسا و بە پێی ستاندارتە نێودەوڵەتیەکان بێت.''
سەبارەت بە تێوەگلانی فەتحوڵا گیولەن زانا و بیرمەندی ئیسلامی لە کودەتاکەی ١٥ ی تەموز شافەر:" بەڕێز مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا، بە فرانک شتانمایەری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای ڕاگەیاندوە کەوا بەڵگەیان هەیە لەسەر تێوەگلانی گیولەن لە کودەتاکەدا. چاوەڕێین حکومەتی تورکیا سەبارەت بەو دەنگۆیانە بەڵگەمان بخاتە بەردەست."