كەركوك.. پێنج چەكداری داعش دەستگیر كران

پاش ئەوەی هێرشەكەی ئەمرۆی چەكدارانی داعش بۆ ناوچەی بای حەسەن لە كەركوك تێكشكا، پێنج چەكداری ئەو گروپە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە بەدیل گیران.

لەمبارەیەوە كەمال كەركوك، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركوك و دوبز بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاند: "دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش ئەمڕۆ بەیانی هێرشیان كردە سەر ناوچەی كێڵگە نەوتییەكانی بای حەسەن، لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە زۆر بە توندی وەڵام درانەوە و تێك شكێندران."

وتیشی: "چوار تیرۆریستی خۆكوژ لەناو براون و پێنج داعشیش بە دیل گیراون، هەروەها ئۆپەراسیۆنێكیشمان لە گوندەكانی ناوچەكە ئەنجام دا كە عەرەبنشینن و، تواندرا سێ تیرۆریست لە مالێكدا دەستگیر بكرێن و دوو تیرۆرستیتریش لەم گوندانە بە برینداری كەوتنە دەستمان."

بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك و دوبز جەختیشی كردەوە: "بەردەوام دەبین لە پشكنینی ناوچەكە و ئیدی دەبێ حیسابێكی تایبەت لەگەڵ ئەم گوندە عەرەبیانەی دەوروبەری بای حەسەن بكەین و چارەیەكی ئەمنی باشی بكەین، چونكە نابێت لەم ماڵانەوە تیرۆریستان هاتوچۆ بكەن و بوونیان هەبێت، ئاخر نیوەی ئەم گوندە عەرەبانە شانەی نوستووی داعشن و ئەوەتا ئەمڕۆ یەكێكیان لەو گوندانەوە هاتبوو كە برایەكی ئەمیری داعشە."




PM:02:30:31/07/2016