بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی
ژنان لە هەولێر باس لە کچێک دەکات کە پیاوێکی ژندار بە زۆر ویستویەتی هاوسەرگری
لەگەڵدا بکات.
لە میانی وتارێکیدا بۆ ڕووداو، ژیلەمۆ
عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنان لە هەولێر دەڵێت كچەكە
بەسەرهاتی خۆی بۆ گێڕاینەوە و گوتی كەسێك لە نزیك ماڵی ئێمە كاری دەكرد، لەو
رێگەیەوە تێكەڵاویی لەگەڵ خێزانەكەم دروستكرد. زۆر سەیری منی دەكرد، زانیم هەستێكی
هەیە بەرامبەرم، تا رۆژێكیان بە ئاشكرا پێیگوتم خۆشمدەوێی. منیش هیچ هەڵسوكەوتێكی
خراپم لەو پیاوە نەدیتبوو، بۆیە رەتمنەكردەوە، هەرچەندە دەمزانی ژنیشی هەیە.
ماوەیەكی زۆر قسەمان بەیەكەوە كرد، تا رۆژێكیان پێمگوت با چیدی بەو شێوەیە درێژەی
پێنەدەین، وەرە خوازبێنیم. پێمگوت لاریم نییە لەوەی سەر بە هەوێ شوو بكەم، بەس
ماڵی جیام هەبێت. بەڵێنی دا خانوویەكم بۆ دروست بكات، دوو ساڵ پەیوەندی
خۆشەویستیمان هەبوو، دوو سێ جار منی بردە دەرەوە و خانوویەكی پێ نیشاندام، گوایە
ئەو خانووەی بۆ من دروستكردووە و من هیچ بیانوویەكم نەما بۆ ئەوەی شووی پێنەكەم،
بەڵام رۆژێكیان هەر لە خۆمەوە هەستێكم بۆ دروست بوو كە من بۆچی سەر بە هەوێ شوو
بكەم. پەشیمان بوومەوە شوو بەو پیاوە بكەم".
ئەو کچە وتویەتی "ئەو پیاوە وازی لێ نەدەهێنام، بەردەوام تەلەفۆنی بۆ دەكردم، ژمارە تەلەفۆنەكەم
گۆڕی، ئەمجارە وەكو ئەوەی پاسەوانی ماڵەكەمان بێت، هەر كاتێك من دەهاتمە دەرەوە
دوامدەكەوت. تەنانەت لەبەر ئەو ناچار بووم واز لە كارەكەم بهێنم، چونكە زوو زوو
دەهاتە شوێنی كارەكەم. ئێستا لەبەر ئەو ناتوانم شوو بكەم، چونكە هەڕەشەم لێدەكات
كە بێجگە لەو نابێت شوو بە هیچ كەسێكی دیكە بكەم".
ناوبراو بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی
چیرۆکی ئەو کچە و دەڵێت "کوڕەکە هەڕەشەی لە کچەکە کردبوو کە دەبێت بچێتە
ماڵیان یان ئەم دێتە ماڵیان و دەبێت خۆی بۆ ڕووتبکاتەوە، بەڵام کچەکە لە ترسی
کەسوکارەکەی نەیوێرابوو ئەو داواکارییەی بۆ جێبەجێ بکات، کچەکە زۆر هەوڵی دابوو
پەشیمانی بکاتە، بەڵام سودی نەبوو کوڕەکە پێی گوتبوو ئێستا وێنەکانت لە
ئەکاوەنتێکی دیکەم دەبینیم کوڕەکە هەڕەشەکەی دەباتە سەر و بۆ چرکەیەک وێنەی ڕووتی
کچەکە لە ئەکاوەنتێکی دیکە بڵاودەکاتەو پاشان لایدەدات و پێی دەڵێت ئەوە نیوەشەوە
کەس نەیبینی بەڵام ئەگەر بەیانی داواکارییەکەم جێبەجێ نەکەیت ئەوا دوبارە بڵاوی
دەکەمەوە، بۆیە کچەکە زۆر ترساوە و بڕیاریداوە خۆی بسوتێنێ، بەڵام دایکی
نەیهێشتووە".
ژیلەمۆ دەڵێت "كاتێك بانگی پیاوەكە كرا و پرسیاری لێكرا كە بۆچی هەڕەشە لەو كچە دەكات؟ پیاوەكە
گوتی من و ئەو كچە یەكدیمان زۆر خۆشدەویست، كچە بەبێ هیچ هۆیەك لێم دووركەوتەوە.
من بەهۆی خۆشەویستیم بۆ ئەو كچە ماڵم لێ تێكچوو، پشتم لە هاوژینەكەم كرد، هەموو
كات و ژیانی خۆم بۆ ئەو تەرخان كرد، تا وای لێهات هاوژینەكەم داوای جیابوونەوەی
كرد و لێم جیابووەوە. ئێستاش حەز دەكەم لەگەڵ ئەو كچە دەست بە ژیانێكی نوێ
بكەمەوە."
لە
نوسینەکەیدا بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی
ژنان دەڵێت "دوای ئەوەی رێوشوێنە یاساییەكانی دۆسیەكە بۆ
پیاوەكە روونكرایەوە، پیاوەكە بە نابەدڵی بەڵێنی دا كە واز لەو كچە بهێنێ و لێی
دووربكەوێتەوە، بەڵام ترسی ئەوەی هەبوو كە ئەگەر ژن بهێنێ ئەو كچە پەشیمان
ببێتەوە و كێشەی بۆ دروست بكات، بۆیە بەڵێننامە بە هەردووكیان پڕكرایەوە كە
پەیوەندییان بە ژیانی یەكدییەوە نەبێ".
لە کۆتاییدا عەقید ژیلەمۆ دەڵێت "
بەپێی یاسای باری كەسی، هاوسەرگیری بریتییە لە گرێبەستێكی
ئارەزوومەندانە لە نێوان ژن و پیاو، مەبەستیش لێی پێكهێنانی خێزانە لەسەر بنەمای
خۆشەویستی، بەزەیی و بەرپرسیارێتیی هاوبەش. هەر ئەو یاسایەش سزای بۆ ئەو كەسانە
داناوە كە رێگری لە هاوسەرگیریی ئارەزوومەندانە دەكەن. بەپێی بڕگەی دوو لە ماددەی نۆی
یاسای باری كەسیی عێراقی "هەر كەسێك رێگا لە یەكێك بگرێ كە شایستەی
هاوسەرگیرییە، ئەوا سزاكەی بەندكردن دەبێت بۆ ماوەیەك لە سێ ساڵ كەمتر نەبێت و
لە 10 ساڵ زیاتر نەبێ".