پارتی هێرشدەکاتە سەر نەوشیروان مستەفا و گۆڕان
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی هیرشدەکاتە سەر بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "کێیان بوێت دەیکەن بە نیشتمانپەروەر و کێیان بوێت دەیکەن بە خاین و خۆفرۆش”.
عەلی عەونی بە ماڵپەڕی باسنیوزی نزیک لە حزبەکەی ڕاگەیاندووە "بەهەموو پێوەرێک بزووتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەیەکی شکستخواردووە، چونکە پێوەری نەتەوەیی و حزبایەتی و پاکی و بێگەری و خائین و خۆفرۆشییان کردووەتە ئامرازێک، کێیان بوێت دەیکەنە نیشتیمانپەروەر و کێیان بوێت، دەیکەنە خائین و خۆفرۆش”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دەشڵێت "لە کاتێکدا تا دوێنێ کراسی گەندەڵی و خۆفرۆشییان دەکردە بەری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بەلای ئەوانەوە وایە کە کێ دەیەوێت ببێتە پاک و بێگەرد و نیشتیمانپەروەر، دەبێت بچێتە ژێر دەستی نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕانەوە”. گوتیشی: "خێرە تا دوێنێ ئەوان بە یەکێتییان دەگوت خائین و خۆفرۆش و دز و گەندەڵ، ئێستا نەوشیروان مستەفا ڕێنمایی دەداتە ڕاگەیاندنی گۆڕان تا بەرگری لەوانە بکەن کە تادوێنێ بوو نەفرەتی لێدەکردن؟".
دەشڵێت "کاتی ئەوەیە خەڵک دژی نەوشیروان مستەفا بێدەنگ نەبن و هەڵستن، ئێستا خەڵک لە نەوشیروان مستەفا و گۆڕانیش هەڵساوەتەوە، پایز و گەڵاڕێزانی گۆڕان دەستی پێ کردووە، وەک گەڵای دار، ئەندامیان لێ جیا دەبێتەوە، ئەو خەڵکە دەپرسن ئێمە نەهاتووینەوە ناو گۆڕان تا بە کۆمەڵ بمان بەیتەوە ناو یەکێتی، یان بمانکەیتە یەکێتی، خۆمان رێگای یەکێتیمان دەزانی، بۆیە گۆڕان بووە هۆی لەناو چونی بزووتنەوەی ڕاستەقینەی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان”.
ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە لە ئێستادا فوئاد حسێن نوێنەری بەرزانی دووجار سەردانی نەوشیروان مستەفای ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانی کردووە و بڕیارە جارێکی دیکە سەردانی بکاتەوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام لەم کاتەشدا بەشێک لە میدیاکان و سەرکردایەتی پارتی بەردەوامن لە هیرشی ڕاگەیاندن بۆ سەر گۆڕان.
PM:04:10:06/08/2016