حكومەتی هەرێم: گومانلێكراوانی كوشتنی وەدات چونە بەردەم دادوەر

حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت رۆژنامەنوسەكەی دهۆك لەڕێی دوو ئۆتۆمبێلەوە رفێنراوەو گومانێكراوانی كوشتنیشی لەبەردەم دادوەر وتەیان وەرگیراوە.

د.دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لەئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای دەكات: بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم بە بڕیاری ژمارە (23793) لە (016/8/14) لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی موقەدەمی مافپەروەر (عسمەت فەرج محەمەد ساڵح) بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانی دهۆك و ئەندامێتی هەریەك لە رائیدی مافپەروەر (وڵات سدیق ئیبراهیم) ئەفسەری نوسینگەی كوشتن و رائیدی مافپەروەر (بەهداین سەربەست عەلی) ئەفسەری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سیمێل لەسەر چۆنیەتی رفاندن و كوشتنی  رۆژنامەنوس وەدات حسێن پێكهێناوە.

دیندار زێباری رونیشكردۆتەوە: بەپێی لێدوانەكانی ئەندامانی لیژنەكە وەدات رۆژی 13ی ئاب لەشاری دهۆك لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلی جۆری كیا تایبەت رەنگی رەش و ئۆپترا تایبەت رەنگی سپی رفێنراوەو سەعات 12ی نیوەڕۆ لە نزیك گوندی سێجێ بە برینداری دۆزراوەتەوەو دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك كراوە، بەڵام لەبەر سەختی برینەكەی گیانی لە دەستداوە.

لەبەشێكی تر راگەیەنراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: سەبارەت بەم دۆسیەیە دادوەر كەیسی تایبەتی كردەوەو بڕیاریدا بەدەستگیركردنی تاوانباری نەناسراو بەپێی ماددەی (406/ی.س) و وەرگرتنی وتەی شاهیدان.، دەشڵێت كەیسەكە، كەیسێكی مەدەنییەو پارێزەری تایبەتی هەیە، ئێستاش لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.

سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لەئەنجومەنی وەزیران راشیگەیاند: هەر سەبارەت بەم كەیسە وتەی چەند كەسێكی گومان لێكراو و پێنج كەسی نزیك لەشوێنی رووداوەكە وەك شاهید وەرگیراوە.




PM:05:10:30/08/2016