کادیری دیاری پارتی، ئاری هەرسین دەڵێت" هیوادارم ڕاگەیاندنەکان بە بەرپرسیارێتیەوە تەعامول لەگەڵ ئەم مەسەلەیەدا بکەن، ئەمڕۆ ڕۆژی قسەی خێرە بۆ یەکێتی بکەین".
لەنووسینێکدا لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئاری هەرسین پەرلەمانتاری پارتی دەڵێت" لەم ساتەوەختەدا کە کێشە ناوخۆییەکان لەناو یەکێتیدا بونەتە مانشێتی هەواڵەکان، ئەرکی ئێمەی پارتی لە هەموکات قورسترە. چونکە یەکێتی هاوپەیمانی ستراتیژی و شەریکمانە لە حوکمڕانی وڵاتدا. یەکێتی خاوەنی مێژووی خەباتی پڕ سەروەری شۆڕشگێڕانەیە، هەر بۆیەش خەڵکی کوردستان بوەتە خاوەنی ئەو مێژووە".
لەو پۆستەدا هەرسین پشتگیری خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی دووپاتدەکاتەوەو دەڵێت" بە پێویستی دەزانم خوشک و براکانمان لە ڕیزەکانی یەکێتی دڵنیا بکەمەوە کە حیزبی ئێمە ڕۆڵی ئیجابی لە گەڕان بە شوێن چارەسەردا دەبینێت ".
دەقی پۆستەکەی ئاری هەرسین
کێشەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مەسەلەی ناوخۆیی خۆیانن، بەڵام هەر ناسەقامگیریەکی ناو یەکێتی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر فەزای سیاسی کوردستان هەیە. لەم ساتەوەختەدا کە کێشە ناوخۆییەکان لەناو یەکێتیدا بونەتە مانشێتی هەواڵەکان، ئەرکی ئێمەی پارتی لە هەموکات قورسترە. چونکە یەکێتی هاوپەیمانی ستراتیژی و شەریکمانە لە حوکمڕانی وڵاتدا. یەکێتی خاوەنی مێژووی خەباتی پڕ سەروەری شۆڕشگێڕانەیە، هەر بۆیەش خەڵکی کوردستان بوەتە خاوەنی ئەو مێژووە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم خوشک و براکانمان لە ڕیزەکانی یەکێتی دڵنیا بکەمەوە کە حیزبی ئێمە ڕۆڵی ئیجابی لە گەڕان بە شوێن چارەسەردا دەبینێت. ئەگەر لێرەو لەوێش کەسێک لە ژێر سێبەری پارتیدا قسەی نامەسئولانە لەسەر ئەم کێشانەی یەکێتی بکات و، خۆشحاڵی خۆی دەرببڕێت، ئەوا بە لادان لە سیاسەتی حیزبی ئێمە لەسەری حیسابە. هەر وەک چۆن لە ماوەیەکی کورتدا خەڵکی کوردستان گوێبیستی بۆچونی سەرکردایەتی ئێمە دەبێت. هیواداریشم ڕاگەیاندنەکان بە
بەرپرسیارێتیەوە تەعامول لەگەڵ ئەم مەسەلەیەدا بکەن.
ئەمڕۆ ڕۆژی قسەی خێرە.
سڵاو لە شەهیدان...
سڵاو لە خاکی پیرۆزی کوردستان...
ئاری محەمەد هەرسین