جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمهریکاو بارزانی كۆبوونەوە
مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاو شاندێكی سەربازیی ئەو وڵاتە لە پیرمام كۆبوونەوە.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی پارتی ئەمرۆ 15/9 لەسەلاحەدین مەسعود بارزانی پێشوازی لە تۆنی بلینكێن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە برێت مەكگورگ نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و دۆگڵاس سیڵیمەن باڵیۆزی تازەی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ ستێڤن داونسێند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق كێن گڕووس كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سڵاوی سەرۆك ئۆباما و جۆ بایدنی جێگری سەرۆكی ئەمەریكای بە بارزانی گەیاند و سوپاسی ڕۆڵ و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كرد و پێزانینی بۆ سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی لە مسۆگەركردنی سەركەوتنەكان لە دژی تیرۆریستانی داعش هەبوو و ڕاشیگەیاند بەهۆی ئازایەتیی پێشمەرگە پێشكەوتنی بەرچاو لە شەڕی دژی داعش بەدەست هاتووە.
لەبەرانبەردا بارزانی سوپاسی ئۆباما و گەل و حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا پاڵپشتی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بوونە و هیوای ئەوەیشی خواست كە بە هاوكاری و كاری هاوبەشی هەردوولا سەركەوتنی گەورەتر لەدژی تیرۆریستان بەدەست بهێندرێت.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە ئامادەكارییەكان و پلانی سەربازی بۆ ئازادكردنی مووسڵ و هەماهەنگی نێوان هێزە بەشداربووەكان كرایەوە و سەرۆك بارزانی باسی لە بایەخی بوونی پلانی سیاسیی بۆ قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ كردەوە ئەویش لەپێناو ڕێگەگرتن لە قووڵتربوونی كێشەكان و پاراستن و پێدانی دڵنیایی بە پێكهاتەكان بە تایبەت مەسیحی و ئێزییدییەكانی پارێزگای نەینەوا.
PM:04:26:15/09/2016