یەكگرتوو لەسەر بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی حكومەت خۆی یەكلایی كردەوە

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەسەر بانگهێشتەكەی حكومەت بۆ لایەنە سیاسیەكان ڕایگەیاند: ئەو كۆبوونەوە فراوانەی بانگهێشتی بۆ كردووە خزمەت بە بارودۆخەكە ناكات و بۆیە بەشداربوون لەو كۆبوونەوەیەدا بەپێویست نابینین .

 ئەمڕۆ سێ شەممە كۆبونەوەی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەڕێوەچوو لە بەلاغێكی كۆبونەوەكەشدا ئەوە هاتووە: یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە 2016/9/8 یاداشتنامەیەكی ئاراستەی حكومەت كردووە و تیایدا راشكاوانە داوای كردووە كە حكومەت پێداچوونەوەی جدی بكات بە بریاری پاشەكەوتكردنی مووچە و باشكردنی باری گوزەرانی مووچە خۆران بە گشتی و چاوەروانی وەڵامی ئیجابی حكومەتین .

  دەقی راگەیاندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان:

ئەمرۆ سێ شەممە 20/9/2016 ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ئامادەبوونی بەرپرسی مەڵبەندەكان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا.

سەرەتا مامۆستا سەلاحەدین محەممەد، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان شرۆڤەیەكی واقعی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەی كردوو ئاماژەیدا كە ناوچەكە بە دۆخێكی هەستیار و چارەنووسازدا گوزەر دەكات و دەبێت هەمووان بە هۆشیاری و چاوكراوەیی و بەرپرسیاریەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەین ، هەروەها ئەمینداری گشتی روانینی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ ئامادەبووان روونكردەوە و لەو سۆنگەوە خوێندنەوەیەكی شیكاری بۆ رووداو و گۆرانكاریەكانی سەر گۆرەپانەكە كردوو پابەندبوونی یەكگرتووەكان بە مەنهەج و بنەمافكریەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان زامنی پاراستنن و سەركەوتنمانە لە هەموو دۆخەكەدا.

پاشان لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان هەڵوەستەیان كرد لەسەر ئەو راگەیاندنەی حكومەت بۆ لایەنە سیاسیەكانی بەشداربوو لە حكومەت و پەرلەمان. كۆبوونەوە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە 2016/9/8 یاداشتنامەیەكی ئاراستەی حكومەت كردووە و تیایدا راشكاوانە داوای كردووە كە حكومەت پێداچوونەوەی جدی بكات بە بریاری پاشەكەوتكردنی مووچە و باشكردنی باری گوزەرانی مووچە خۆران بە گشتی و چاوەروانی وەڵامی ئیجابی حكومەتین.


بۆیە ئەو كۆبوونەوە فراوانەی بانگهێشتی بۆ كردووە خزمەت بە بارودۆخەكە ناكات و پێویستە حكومەت هەنگاو و بڕیاری كرداریی وەربگرێت بۆ وەڵامدانەوەی داخوازیەكانی جەماوەر و چارەسەركردنی بارودۆخەكە، بۆیە بەشداربوون لەو كۆبوونەوەیەدا بەپێویست نابینین.

لەكۆتاییدا ئەنجومەنی جێبەجێكردن گوێبیستی راپۆرتی بەرپرسی مەڵبەندەكان بوو، دواتر ئەنجومەن رێنمایی پێویستی ئاراستەی بەرپرسی مەڵبەندەكان كردوو و بڕیاری پێویستی لەبارەی ناوخۆی حزب وەرگیرا.




PM:05:19:20/09/2016