بزانە چی لە کەمپی ئاوارەکانی کوردستان دەگوزەرێت؟


کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان ئەگەرچی بۆ ئەوە دانراوە تێیدا ئاوارەکان پارێزراو بن، بەڵام ئەوەی لەو کەمپانە ڕوودەدات و بە تایبەت بەسەر ژنانی ئاوارە دێت جارێکی دیکە دەیانکاتەوە بە قوربانی.

نور یاسین ژنێکی ٢٦ ساڵە ئەو لە لایەن بەرپرسێکەوە لە پارێزگای دهۆک هاوسەرگیری لەگەڵ دەکرێت وەک خۆی دەڵێت "بەقسەی خۆش فریوی دام"، بەڵام ژیانەکەی ئەو ژنە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا زۆر ناخایەنێت و هەر زوو بە دووگیانی تەڵاق دەدرێت و ڕێککەوتنیشیان کردووە کە دوای ئەوەی منداڵەکەی لە دایکبوو لە لای خۆی نەبێت.

لەلیلا نوری سەرۆکی ڕێکراوی ژنانی یەکگرتوو لە دهۆکە بە ڕۆژنامەی ئاژانسی ووتووە "زۆرێک لە هاوسەرگیرییەکان بێ گرێبەست ئەنجام دەدرێن و پیاوان یان کەسی دەوڵەمەند هاوسەرگیری لەگەڵ کچ و ژنە ئاوارەکان دەکەن و دوای ماوەیەک لێیان جیادەبنەوە".

ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە خراپی گوزەرانی ئاوارەکان لەو کەمپانە و هەژارییان بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە پیاوان سود لەوە ببینن و هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کچانەدا بکەن بەڵام دوای چەند مانگێک لە یەک جیادەبنەوە.

ئەمە جگە لەوەی بەشێک لەو ژنە ئاوارانەی لەو کەمپەن مێردەکانیان لێیان جیادەبنەوە و منداڵەکانیشیان لێ دەسەنن، ئەمە جگە لەوەی بەشێک لەو خێزانانە کچەکانیان لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا بەشووداوە.

ئارام محەمەد بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان باس لەوە دەکات کە تا ئێستا چەندین مەکایان داوەتە دادگا لەسەر ئەوەی کە کچیان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵ مارە کردووە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان UN WOMEN، لەهەر پێنج کچێکی ئاوارە یەک کچ پارەی دراوەتێ بۆ ئەوەی سێکسی لەگەڵدا بکرێت




PM:06:38:05/10/2016