2 هەزار هەلی كار راگەیەنرا
ناوی خۆت تۆمار بكە

بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر رایگەیاند، ناونووسكردن بۆ دوو هەزار هەلی كار لە شاری هەولێر دەستیپێكردووە و رەنگە تا هەفتەی داهاتوو پرۆسەكە تەواو ببێت و دەستبەكاربن.

لەبارەی ئەو هەلی كارانەوە، سرود عەبدولمەجید بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر رایگەیاند، ناونووسكردن بۆ دوو هەزار هەلیكار دەستیپێكردوە و لە چوار شوێن بەڕێوەدەچێت، كە ئەوانیش بەڕێوبەرایەتی ئاوەڕۆ و شارەوانی و پاركەكان و كاروباری كۆمەڵایەتییە، بۆیە ئەوانەی مەرجیان تێدا هەیە دەتوانن بەشداری لە ناونوسكردندا بكەن، بۆئەوەی لەو دوو هەزار هەلی كارە سودمەند بن.

وتیشی "پێویستە ئەوانەی ناوی خۆیان دەنووسن بۆ كاركردن تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمتر نەبێت و فەرمانبەر نەبن و لەماڵەوەش كەسێكی بەتەمەن یاخود پێداویستی تایبەتیان هەبێت بەخێوی بكەن".

بەڕێوبەری ئاوەڕۆی هەولێر دەشڵێت "لای ئێمە 75%ی ئەو هەلی كارە بۆ ئاوارەكانی بیانی و سورییە و ئەوەی تریش بۆ كرێكارانی خۆماڵی و عیراقییە و چاوەڕوانیش دەكرێت تاهەفتەی داهاتوو ناونوسكردن تەواو بێت و ئەو كرێكارانەی وەردەگیرێن، دەستبەكاربن".
ئەو دوو هەزار هەلی كارە خەرجیەكانی لەسەر ئەركی رێكخراوی (giz)ی ئەڵمانییە، كە رەنگە ماوەی سێ مانگ بخایەنێت و بەوتەی بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێریش، چاوەڕوان دەكرێت دوای تەواوبوونی ئەو قۆناغە، قۆناغی دیكەشی بەدواوە بێت.




PM:02:06:08/10/2016