یەكێتی: گۆڕان سێ باڵە، بەڵام شاراوەیە و باسناكرێت

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپارێزگای سلێمانی پێیوایە بزوتنەوەی گۆڕان سێ باڵی تیایە بەڵام شاراوەیە‌و باسناكرێت.

وابڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەو لیژنەیەی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی بەدواداچون لەسەر داهاتی پارێزگاكە دروستكراوە، دەستبەكارەكانی بكات، سەرۆكی لیژنەكەش دەڵێت "فەرمانگە بە فەرمانگە دەگەڕێین، داتاكان كۆدەكەینەوە و دەیدەینە لایەنی پەیوەندیدار".

دوێنێ (دووشەممە 10/10) سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە فەرمانێك لیژنەیەكی بۆ بەدواداچوون لە داهات و خەرجی سنووری پارێزگای سلێمانی پێكهێنا، ئەمڕۆش لیژنەكە یەكەم كۆبوونەوەی سازكرد بۆ دەستنیشانكردنی چۆنێتی كارەكانی.

لەوبارەیەوە رێكەوت زەكی سەرۆكی لیژنەكە، كە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیشە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لیژنەكەیان سنوری دەسەڵاتەكانی هیچ وەزارەتێك نابەزێنن و كاری ئەوان ناكەن، تەنیا لێكۆڵینەوە لە داهات و خەرجییەكان دەكەن، دواتر وەك راسپاردە دەیدەنە لایەنی پەیوەندیدار، چونكە دەیانەوێت داتاكان لەڕووی داهاتەوە بەوردی بزانن.

رێكەوت زەكی وتیشی "ئێمە لە هەفتەی داهاتووەوە سەردانی فەرمانگەكان دەكەین و داتاكان كۆدەكەینەوە، لە دەسەڵاتی ئێمەشدا نییە بڕیاربدەین لەو داهاتەی كۆدەكرێتەوە لە سلێمانی موچەی پێبدەین، بەڵام فەرمانگە هەیە مانگانە داهاتی 500 ملیۆن دینارە و موچەی تەواوی فەرمانبەرەكانیشی 40 ملیۆن دینارە، بۆیە داهاتی هەموو فەرمانگەكان بە ژمارە وەردەگرین، دواتر لەگەڵ موچەی فەرمانبەران بەراوردی دەكەین".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بەو بەڵگەنامانەی عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لەبارەی بردنی داهاتی سلێمانییەوە بڵاویكردەوە، دەڵێت "ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان كە باسی دیارنەمانی داهاتی سلێمانی دەكات و دەڵێت مانگانە ئەوەندە داهاتی هەیە و دیار نامێنێت، دەبوو باسی پارێزگای دهۆكیش بكات كە پارتی تێیدا دەسەڵاتدارە و باسی ئەوە بكات مانگانە چەند پارە نامێنێت، بۆیە ئەو قسانە بێبنەمان".

وتیشی "ئەگەر ئەو برادەرە مەحكوم نییە بە كێشە و باڵەكانی نێو گۆڕان بۆ ئەو بابەتەی وروژاندوە؟ گۆڕان كێشەی ناوخۆیی هەیە، ئەگەر ئێمە دوو باڵ بین، ئەوا گۆڕان سێ باڵە، بەڵام شاراوەیە و باسناكرێت، ئەو پەرلەمانتارە سەر بە باڵێكە و دەیانەوێت سەردار قادر پارێزگاری سلێمانی بەوەكالەت لاواز نیشان بدەن و پێی بڵێن لەژێر دەسەڵاتی تۆدا مانگانە 50 ملیار دینار دیارنامێنێت".




PM:04:02:11/10/2016