راگەیەندراوێك لە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستانەوە
فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا دوپاتیدەكاتەوە، بەپێی ئەو رێككەوتننامەیەی لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالی عیراقدا هەیە، لەو ئۆپەراسیۆنەی ئەمڕۆدا زیاتر لە چوار هەزار پێشمەرگە لە سێ میحوەرەوە گوندەكانی دەوروبەری ناوچەی خازر لە داعش پاكدەكەنەوە.
لە راگەیەندراوەكەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان كە لە ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بڵاوكراوەتەوە، هاتووە " وەك قۆناغی یەكەمی پرۆسەی رزگاركردنی موسڵ لە دەست تیرۆریستانی داعش، نزیكەی كاتژمێر 06:00ی بەیانی رۆژی 17ی ئۆكتۆبەری 2016 پرۆسەیەكی فراوانی هێزی پێشمەرگە لە خازر لە رۆژهەڵاتی موسڵ و بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوپای عیراق لە گوێڕ و گەیارە لە باشوری موسڵ دەستیپێكرد ".
لەراگەیەندراوەكەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستاندا ئەوەش راگەیەندراوە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا زیاتر لە چوار هەزار پێشمەرگە لە سێ میحوەرەوە گوندەكانی دەوروبەری ناوچەی خازر بەپێی ئەو رێككەوتننامەیەی لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالی عیراقدا هەیە، پاكدەكەنەوە.
هەروەها باس لە رۆڵی فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كراوە و ئاماژە بەوەكراوە، لە رۆژی 16ی ئوكتۆبەرەوە فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیان بە بۆردومانكردنی مۆڵگەكانی داعش كردوە، وا بڕیاریشە لە میانەی پرۆسەكەدا پاڵپشتی ئاسمانی بەردەوام بێت.
لە بارەی رووماڵی ئۆپەراسیۆنەكەش لەلایەن میدیاكانەوە، راگەیەندراوەكەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كردووە كە "میدیا ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەكان شانبەشانی هێرشی هێزەكانی پێشمەرگە، رووماڵی شەڕەكە دەكەن".
PM:01:37:17/10/2016