بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركوك ژمارەی كوژراوەكانی داعشی راگەیاند
بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركوك رایگەیاند "ناتوانین پشتڕاستی بكەینەوە ئەوانەی هاتبوونە ناو كەركوك و هێرشیان كرد، چۆن هاتوون و كێ هاوكاریان بووە، وتیشی "دوای لێكۆڵینەوە بۆمان رووندەبێتەوە".
خەتاب عومەر بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركوك دوای هێرشەكەی داعش بۆ سەرۆ شاری كەركوك لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "شەوی 21/22 لە نزیك سەعات 3ی بەرەبەیان هێرش كرایە سەر زۆربەی فەرمانگە ئەمنییەكان لەوانە بینای پۆلیسی كۆن و ئامریەی تەواری و فەوجی یەكی تەواری و ناوچەی دۆمیز و ویستیان كۆۆنترۆڵی ئەم شوێنانە بكەن".
وتیشی "لەگەڵ هاتنە ناوەوەی ئەو چەكدارانەی داعش، هێزە ئەمنییەكانی كەركوك لێیان هاتنە دەست و ئەوەی كوژرا كوژرا و ئەوانەی خۆیان تەقاندەوە خۆیان تەقاندەوە و ژمارەیەكیشیان ئەم بەیانییە كوژراون".
بەوتەی لیوا خەتاب عومەر، لەوانەیە چەكدارانی داعش بیانەوێت جار جارە كاری تیرۆریستی بكەن و دزە بكەنەوە جارێكی تر، بۆیە بەڵێن دەدەین ماڵ بە ماڵ و گەڕەك بە گەڕەك هەمووی پاك بكەینەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركوك راشیگەیاند لە بەرەبەیانی دوێنێوە تاوەكو ئەمڕۆ 48 چەكداری داعش لەناو كەركوك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژراون.
PM:01:38:22/10/2016