کۆسرەت ڕەسوڵ پەیامێكی نوێ بڵاودەكاتەوە

جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە شکستیان بە پیلانەکەی داعش هێنا  کە دەیانویست دەست بە سەر چەند ناوچەیەکی کەرکوکدا بگرن.

کۆسرەت ڕەسوڵ ئەمڕۆ22/10 لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەو ھێزە ئەمنییەکانەوە شکست بە پیلانەکەی داعش ھێنراو خەونەکەیان لە گۆڕ نرا".

لە پەیامەکەدا ئەوەش هاتووە "بە پێویستی دەزانم لێرەوە وێڕای راگەیاندنی سەرکەوتنەکانی ھێزی پێشمەرگەو ھێزە ئەمنییەکان سوپاسی خەڵکی قارەمان و خۆڕاگر و کۆڵنەدەری شاری کەرکووک، ھێزە ئەمنییەکانی کەرکووک، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ھێزی ھاوپەیمانان، رێکخستنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک، تیمەکانی تەندروستی و سەرجەم ئەو ھێز و لایەنانە دەکەم کە بەشداربوون لە تێکشاندن و لەباربردنی خەونی تاریکپەرستان".

هەروەها کۆسرەت ڕەسوڵ ئەوەشی وتووە "بە درێژایی مێژوو ھەمیشە کەرکوک ھێڵی سوری خەباتی کوردایەتی بووەو دەیان و سەدان قوربانی لەپێناو دراوەو لەپێناو پاراستنیشیدا ئامادەین قوربانی تریش بدەین، تیرۆرستان و تاریکپەرستان و دوژمنانی کوردیش دڵنیا دەکەینەوە کە ھەرگیز رێگا نادەین خەونی گڵاویان بێتەدی و ھیچ بستێکی خاکی کوردستانیان بکەوێتە دەست".




PM:03:07:22/10/2016