هەرچەندە عومەر قەڵادەزەیی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە دەبێتە پاریزگاری سلێمانی، بەڵام سەرچاوەیەک ئەو زانیاریانە بەڕاست نازانێت و ناوبراو هەر بە جێگری پارێزگار دەمێنێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی ناوخۆ بە سپی راگەیاند" ئێستا سلێمانی بێ پارێزگارە، رۆژانە کۆمەڵیک کاری رۆتینی هاوڵاتیان و فەرمانگەکان هەیە پێویستی بە واژووی کەسێکە لەبری پارێزگار بۆ ئەوەی کاروباری فەرمانگەکان و هاوڵاتیان نەوەستێت، لەبەر ئەو هۆکارە هەندێک دەسەڵاتی کەمی ئیداری دەدرێت بە جێگری پارێزگاری سلێمانی عومەر قەڵادزێی، تا ئەو کارە ئیداریانە راپەڕێنێت".
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی ناوخۆ ئەوەی ئاشکرا کرد پێدانی ئەو دەسەڵاتە لە ئاستی ئەو دەسەڵاتانەدا نییە کە وەکلیلی پارێزگارو پارێزگار هەیەتی بەپێی یاسا.
سەبارەت بەماوەی ئەو رێوشوێنەی وەزارەتی ناوخۆ دەیگرێتەبەرو، کەسێک کە جێگری پارێزگارە بەدەسەڵاتێکی کەمەوە کاروبارە ئیدارییەکان رادەپەڕێنێت، سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد تا لەرووی یاساییەوە چارەسەر دەکرێت، عومەر قەڵادزێی ئەو کارە ئیدارییە رۆتینیانە رادەپەڕێنێت.
عومەر قەڵادزێی کە جێگری پارێزگاری سلێمانیە بە ماڵپەڕی دوا رۆژی راگەیاندووە "بەیانی وەزیری ناوخۆ واژوو لە سەر نوسراوی بە پارێزگاربوونم دەکاتو ، ئەمڕۆ بەهۆی سەرقاڵیەوە بەکاری بەرەکانی شەڕەوە پێی نەکراوە".
دوای ئەوەی ئەنجومەنی شوورا بوونی سەردار قادری بە پارێزگار بە وەکالەت رەتکردەوە، دوو رۆژە پارێزگای سلێمانی بێ پارێزگارە.