پۆلیس ئاماری تەواوی كوژراوەكانی داعش لە كەركوكی ئاشكرا كرد
بەپێی ئاماری پۆلیسی كەركوك لە هێرشەكەی چەكدارانی داعش بۆ سەر كەركوك لە چەند رۆژی رابردوو 96 چەكداری ئەو گروپە بە دەستی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان كوژراون.
عەمید خەتاب عومەر بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركوك لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بارودۆخی ئەمنی كەركوك ئاسایی بۆتەوەو هاووڵاتیانی كەركوكیش دڵنیا دەكەینەوە لەپاراستنی ئەمنیەكی شارەكەو هیچ گومان و دەنگۆیەك نیە جارێكی داعش پیلانی پەلاماردانی كەركوكی هەبێت، هەروەها بوونی داعشیش لەناو كەركوك رەتدەكەینەوە.
وتیشی: ئەوەی داعش لەپەلامارەكەی رۆژی هەینی رابردوو دواتر دەستی كەوت تەنیا كوشتی چەكدارەكانیان بوە، ئەوانەشی هەڵاتون كوژراون.
بەڕێوەبەری پۆلسی كەركوك راشیگەیاند: بەپێی ئامارەكان لەكاتی پەلامارەكەو رۆژانی دواتردا لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەو دژەتیرۆرو ئاسایش و پۆلیسەوە 96 چەكداری داعش كوژراوەو تەرمەكیانیان ناسراونەتەوە، جگە لەوەی ژمارەیەكی تریشیان خۆیان تەقاندۆتەوەو نەناسراونەتەوەو ئەوانەشی هاتبونەتە كەركوك هیچیان لێدەرنەچووە.
عەمید خەتاب عومەر ئاماژەی بەوەشدا: داعش نەیتوانی بچێتە هیچ یەكێك لەو دەزگایانەی بۆ هاتبوو، بەهیمەتی هەموو لایەك نەیانتوانی یەك بست بێنە پێشەوە، دوای روداوەكانیش هەموو هێزە ئەمنیەكان رێكخراونەتەوەو بۆشاییە ئەمنیەكانیش پڕكراونەتەوەو هێزەكانی پێشمەرگەو دژەتیرۆریش هاوكاریی و پشتیوانییەكانیان بۆ هێزە ئەمنییەكانی كەركوك بەردەوامدەبێت.
PM:04:06:27/10/2016