تا ئێستا (١٣١) فەرمانبەری دەزگای مین بوونەتە قوربانی

دەزگای گشتی كاروباری مین لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی ساڵرۆژی شەهیدانی كاروباری مین رایدگەیەنێت تا ئێستا (١٣١) فەرمانبەر و كارمەندی دەزگای مین و رێكخراو و كۆمپانیاكان بوونەتە قوربانی لەشەهیدو بریندار و پەككەوتە.

دەقی بەیاننامەكە :

لەئاكامی ئەوسیاسەتە كاولكارییەی  كەڕژێمەكانی پێشوو دژ بەگەل و خاكی  كوردستان ئەنجامیاندا بەتایبەت شەڕی(٨) ساڵەی عێراق/ئێران،سەرەڕای زیانەكانی تری ئەوسیاسەتە دژ بەمرۆڤایەتییە زیاترلە (٣١٤٩)كێلگەی مینڕێژكراوو سەدان هەزار پارچە تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگ لەكوردستان بەجێماون.

هەروەها بەهۆی پەیدابونی  هێزێكی  تیرۆرستی وەك داعش لە ناوچەكە و پەلاماردانی  بەشێكی فراوانی  خاكی  كوردستان  بوە هۆی ئەوەی كە پانتاییەكییەكجار زۆر لە شاروشارۆچكە و گوند و شوێنی نیشتەجێبوون بەجۆرەها بۆمبی چێنراو وتەقەمەنی هەمەجۆر پیس بێت خەڵكو خاوەنەكانیان لەسامان ودەرامەتەكانیان بێبەش بوون، بەسەدان هەزار ئاوارە  نەتوان بگەرێنەوە  بۆ شوێنەكانی خۆیان  ئەمەش  ئەرك و كاری دەزگاكەمانی  هێندەی تر قورستركرد.

هەربۆیە لەمیانەی پرۆسەی لابردن وكەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی مین و تەقەمەنی وپاشماوەكانی شەڕی داعش تائێستا(١٣١)فەرمانبەروكارمەندیدەزگای مین و رێكخراو وكۆمپانیاكان بوونەتە قوربانی لەشەهیدو بریندار و پەككەوتە.

لەپێناو رێزگرتن لە گیانی پاكی ئەو شەهیدانە،دەزگای مین بەباشی زانی رۆژی 28/10 بكاتە رۆژی شەهیدانی كاروباری مین كە لەو رۆژەدا پۆلێك كارمەندی دەزگای مین كە ‌شان بەشانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەپاككردنەوەی پاشماوەكانی شەڕی داعش لەدەڤەری زوممار كاریان دەكرد گیانیان كردە قوربانی، لەو روانگەیە‌وە دەزگای مین خۆی بەبەرپرسیار دەزانێ كە ئەوپەڕی رێزو وەفا بۆگیانی پاكی ئەو شەهیدانەو سەرجەم شەهیدانی كاروباری مین وخانەوا‌دە بەڕێزەكانیان بنوێنێت.
بێگومان قەیرانی دارایی وشەڕی نەگریسی داعش بارگرانییەكیگەورەبوە بەسەر چالاكیەكانی دەزگای مینەوە،بەڵام پێشمەرگەكانی دەزگای مین سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەش تائێستا زۆر دڵسۆزانە كارەكانیان بەباشی ئەنجامدەدەن وتوانیویانە رووبەرێ كیبەرفراوان لەخاكی هەرێمی كوردستان لەمین و تەقەمەنی پاكبكەنەوە.
هەروەها دەزگا لەهەوڵی بەردەوامدا بووە لەگەڵ سەرجەم دۆستانمان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان ورێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی كۆمەك بەخش بەمەبەستی هاوكاری زیاتر دەزگاكەمان لەم ڕووەشەوە خۆشبەختانە هەوڵەكانمان ئاكامی بەرچاوی هەبوەو تونراوە قەبارەی هاوكارییەكان زۆر زیادبكرێت و ژمارەی ڕێكخراو نێودەوڵتیەكانی بواری مین بەردەوام لەزیادبوندایە.
هەربەم بۆنەیەوە داوادەكەین چاو بخشێنرێتەوە بەسیستەمی پاشەكەوتكردنی موچەی كارمەندانی دەزگاكەماندا كەرۆژانە گیانی خۆیان رووبەروی مەرگ دەكەنەوە لەپێناوی پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا، وهەروەها بۆجێبەجێكردنی خواست و داواكارییەكانی كەسوكاری شەهیدان وكەمئەندامانی كاروباری مین هەر چی زووترە پرۆژەیاسای ماف وئیمتیازاتی پیشەگەرانی مین بخرێتە بواری جێبەجێكردن كەوەڵامی خواستە رەواكانی ئەوتوێژە خۆبەخشەی گەلەكەمانی تێدا فەراهەمدەكرێت.
لەكۆتاییدا:
-دروود بۆگیانی پاكی شەهیدان و سەربەرزی وخۆڕاگری بۆكەسوكاریان.
- هیوای ژیانێكی بەختەوەر بۆكەم ئەندامان.
- سڵاوبۆسەرجەم پیشەوەرانی مین.




PM:01:17:30/10/2016