"دەستکاری پاشەکەوتی مووچەدەکرێت"

ماڵپەڕی دواڕۆژ بڵاویکردەوەزیاتر لە مانگێكە بڕیاردراوە دەستكاری موچەی پاشكەوتكراوی فەرمانبەران بە رێژەی 10% بكرێت، بەڵام بەهۆی دانەوەی قەرزی كۆمپانیاكان جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە دواخراوە.


بە گوێرەی هەواڵێکی ئەو ماڵپەڕە کە لە سەرچاوەیەکەوە دەستیکەوتووە "مانگێك زیاترە نێچیرڤان بارزانی بڕیاریداوە دەستكاری موچەی پاشكەوتكراوی فەرمانبەران و مامۆستایان و توێژەكانی تر بكات و بۆ ئەمەش كۆنووسێك لەلایەن لێژنەیەكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئامادەكراوە، بەڵام بەهۆی ئەو قەرزانەی كە مانگانە حكومەت بە كۆمپانیاكانی دەدات، جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە وەستاوە".

سەرچاوەکەی ئەو ماڵپەڕە وتوشییەتی ""دەستكاریكردنی پاشكەوتكردنی فەرمانبەران و توێژەكانی تر لە سەدا 10 دەبێت و ئەم مانگە یاخود مانگێكی تر یاخود هەركاتێك تواندراوە 50 ملیۆن دۆلار دەستبكەوێت، ئەوا بەبێ‌ هیچ دوو دڵیەك بڕیاری لەبارەوە دەدرێت، چونكە ئەو دەستكارییە تەنیا 50 ملیۆن دۆلاری پێویستە".

ماڵپەڕەکە ئاشکراشی کردووە ، ماوەی دوو مانگە حكومەتی هەرێم لە موچەی وەزارەتی پێشمەرگە بڕی 35 ملیار دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە و ئێستا تەنیا پێویستی بە 15 ملیار دۆلارە بۆئەوەی گۆڕانكاری لە پاشەكەوتی موچەدا بكات دانەوەی قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان لە مانگی رابردوو بارگرانییەكی زۆری بۆ حكومەت دروستكردووە، لەبەرئەوەی لە مانگی رابردوو250 ملیۆن دۆلار تەنیا بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان وەك قەرز دراوەتەوە".




PM:09:56:03/11/2016