پارتی هیوادارە هەرچی زووترە بەرپرسانی هەدەپە ئازاد بكرێن

پارتی لە راگەیەنراوێكدا پێیوایە ده‌ستگیركردنی هاوسه‌رۆكانی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) و چه‌ندان په‌رله‌مانتار، بارودۆخه‌كه‌ گرژتر ده‌كه‌ن و هه‌وڵه‌كانی گفتوگۆ و زه‌مینه‌ خۆشكردنه‌كان له‌بار ده‌بات و ره‌وشه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن.

ده‌قی راگه‌یاندراوەكە:

ده‌ستگیركردنی به‌ڕێزان سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یوكسه‌كداغ هاوسه‌رۆكانی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی فراكسیۆنی ئه‌و حزبه‌، نیگه‌رانی كردین، له‌و باوه‌ڕه‌داین ئه‌م جۆره‌ كردارانه‌ بارودۆخه‌كه‌ گرژتر ده‌كه‌ن و له‌ راستای خزمه‌تكردنی هه‌وڵه‌كانی ئاساییكردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری كێشه‌كاندا نابینین و هه‌وڵه‌كانی گفتوگۆ و زه‌مینه‌ خۆشكردنه‌كان له‌بار ده‌بات و ره‌وشه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن.
بۆیه‌ وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان هیوادارین هه‌رچی زووتره‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردن و زیندانیكردنی هاوسه‌رۆكان و ئه‌ندامانی دیكه‌ی په‌رله‌مان كۆتایی پێ‌ بهێندرێت و ئازاد بكرێن، هاوكات هه‌نگاوی جدی به‌ره‌و گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بهاوێژرێ‌ كه‌ خزمه‌تی پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی و سه‌قامگیری و پێكه‌وه‌ژیانی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی بكات.

گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان




PM:02:49:05/11/2016