پارتی: ڕێگە نادەین سلێمانی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: ڕێگە بە سەرگرتنی هەوڵەکەی ئەم دواییەی گۆڕان نادەین کە دەیانەوێت بەغدا و سلێمانی بەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی ببەستن.
سەلاح دەلۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "هەوڵی هەندێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان بۆ ئەوەی بەغدا بەبێ گەڕانەوە بۆ کوردستان مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بکات، ڕێگای پێ نادرێت، چونکە خەڵکی سلێمانی و کوردستانیش ڕێگا بەوە نادەن کە خۆیان لە کوردستان جیا بکەنەوە، بەڵام ئەوە بزووتنەوەی گۆڕانە کە دەیەوێت تەکانێک بە جووڵەی سیاسیی خۆی بدات”.
جەختیشی لەوە کردەوە کە پارتی دیموکراتیی کوردستان "ڕێگە نادات” سلێمانی جیا ببێتەوە و ڕایگەیاند: "نەک سلێمانی، بەڵکو ڕێگە نادەین بستێک لە خاکی کوردستان بکەوێتە دەست دەرەوەی بڕیاری سیاسیی کوردستانەوە، دەبێت لەگەڵ بۆچوونی گەلەکەمان هەنگاو بنێین”.
وتیشی: "لەپێناو یەکڕیزیی کوردستان، پارتی دەست بەرداری زۆر پۆستی خۆی بووە لە بەغدا”.
PM:02:38:10/11/2016