بەغدا موچەی ژمارەیەك فەرمانبەر دەنێرێت بەڵام لەهەولێر دەستی بەسەردا دەگیرێت

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایدەكات لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە موچەی ژمارەیەك فەرمانبەر رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت بەڵام لەلایەن چەند بانكێكی كەسییەوە لەهەولێر دەستی بەسەردا دەگیرێت.

ئەمڕۆ لە نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، عادل نوری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەشێک لە فەرمانبەرانی عێراق کە نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن.

عادل نوری وتی: "ئەو دەزگا و کاربەدەستانەی مووچەی فەرمانبەرانیان لەسەربوو، کە  لەبەغداوە بیگوازنەوە بۆ گیرفانی مووچەخۆران، دەستانی ئەمین نەبوون و دەستانی پیس و گەندەڵ بوون".

هەروەها وتی: ناچارین بیر لە میکانیزمی دیکە بکەینەوە، لە بەغداوە تەقە لە هەرێم ناکەین، بەڵام ناکرێت بێدەنگ بین لەبەرامبەر لەگەڵ دەستانێک کە دەستانی ئەمین نین و لە پەرلەمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە شیعە و سوننەوە لە هەوڵی دانانی میکانیزمێکی دیکەداین.

ئەو پەرلەمانتارە، ئاماژەی بۆ ئەو میکانیزمانە کرد و وتی:" یان دەبێت لەڕێگای کارتەوە حسابی بانکی بۆ فەرمانبەران بکەینەوە لە بەغدا و مانگانە لەوێ مووچەکانیان بچێتە سەر کارتەکانیان، یان لیستی ناوی فەرمانبەران بچێتە بەغدا و مانگانە لەوێوە مووچەکانیان بۆ بنێرین، بەڵام ئەو کاتە دەبێت ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەران بنەین بۆ بەغدا".

عادل نوری، راشیگەیاند:" کۆمەڵێک ئەفسەری پلەدار لە عەقید و رائید و نەقیب، کە سەر بە دوو دەزگای عێراق-ن و هیچ پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، هەروەها پاسەوانانی سنور و فەرمانبەرانی باری شارستانی، مانگانە لە بەغداوە مووچەیان بۆ دێت، بەڵام لە هەولێر لەلایەن چەند بانکێکی کەسییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت".

وتیشی: ئەو ئەفسەر و پاسەوان و فەرمانبەرانە، لە مانگی ١٠ مووچەی مانگی شەشیان پێنەدراوە، لەکاتێکدا هەموو مانگێک پێش سەری مانگ پارەکە لە بەغداوە دێتە هەرێمی کوردستان و دەستی بەسەردا دەگیرێت، ئەمەش هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.




PM:01:53:13/11/2016