وەزارەتی ئەوقاف حەوت كورد لە ئەوروپا بەتۆمەتی داعش بەگرت دەدات

وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ناوی ژمارەیەك كورد ئاراستەی چەندین وڵاتی ئەوروپی دەكات كە تا ئێستا 7 كەسیان دەستگیر كراون.

لەمبارەیەوە مەریوان نەقشبەندی، ئەندامی لیژنەی بەدۆكیۆمێنتكردنی تاوانەكانی داعش ‌و رووبەڕووبوونەوەی فیكری تووندڕەوی، كە هاوكات بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستانە، بە رووداوی راگەیاندوە: لە رابردوودا ناو ‌و ناونیشانی 10 كوردی دانیشتووی شەش وڵاتی ئەوروپییان داوەتە وڵاتەكانیان، كە ئەوانە بە ئاشكرا هاوكاری بۆ داعش كۆدەكەنەوە ‌و هاوسۆزن لەگەڵ ئەو گرووپەدا.

وەك نەقشبەندی باسیكرد، لە چەند رۆژی رابردوودا 7 لەو كەسانە دەستگیركراون، گوتیشی "پێشتر ئێمە ناوی ئەو 10 كوردەمان دابووە هەریەك لە وڵاتانی (سوێد، فنلەندا، بەلجیكا، فەرنسا، ئەڵمانیا بەریتانیا)، بەڵگەی تەواویشمان خستە بەردەستیان، كە ئەوان هاوكاری داعشیان كردووە، خۆشبەختانە لە وڵاتەكانی سوێد، فنلەندا و بەلجیكا، 7 لەو كوردانە دەستیگركراون".

نەقشبەندی ئاماژەی بەوەدا هەموو ئەو كوردانەی بەڵگەیان لەسەر كۆكرابووەوە دەستگیركراون و، كەسانی ناسراوی باشووری كوردستانن، گوتیشی "ئێمە تەنیا داوای دەستگیركرنی ئەو كەسانەمان كردووە نەك رادەستكردنەوەیان بە هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەو وڵاتانە خۆیان رووبەڕووی دادگایان دەكەنەوە". سێ كوردی دیكەش ماون و دەزگا ئەمنییەكانی ئەوروپا لە لێكۆڵینەوە و بەدواداچووندان بۆ دەستگیركردنیان.




PM:03:07:15/11/2016