"ئه‌وانه‌ی دەڵێن با بەغدا سلێمانی بەڕێوە ببات، جۆرێکە لەدوو ڕووی"

پارێزگاری كه‌ركووك رایدەگەیێنێت، هەندێک لەوانەی دەیانویست کەرکووک لەژێر دەستی بەغدا دەربهێنن و، ئێستایش دەڵێن با بەغدا سلێمانی بەڕێوە ببات، ''ئه‌مه‌ جۆرێکه‌ له‌ دووڕوویی.''

نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک سەبارەت بە تۆمەتبارکردنیان لەلایەن هەندێک لە ئەندامانی پارتەکەی خۆی بەوەی بیرۆکەی بەهەرێمکردنی کەرکووک پلانێکی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، گوتی "ئەوە راست نییە، ئەوەی ئەو تۆمەتانە دروست دەکات ئەسڵەن خۆی راست ناکات، با بزانین ئەو کەسانە، کە ئەو قسانە دەکەن چیانکردووە بۆ ئەوەی کەرکووک بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان".

نەجمەدین کەریم بۆ 'ڕووداو' ڕوونی كردووه‌ته‌وه‌ "کاتێک ئەو بیرۆکەیە باسی لێوە کرا، مەکتەبی سیاسیی پارتی، یەکێتی و گۆڕان بەیاننامەیان دەرکرد، کۆبوونەوە و گوتیان دەبێت کەرکووک بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا هەندێک لەو خەڵکانە دەبینین، دەڵێن با بەغدا سلێمانی بەڕێوە ببات، واتە دەیانەوێت هەرێمی کوردستانیش تێک بدەن، بۆیە جۆرێک دووڕوویی لەو قسانەدا هەیە".

سەبارەت بە هەبوونی زیاتر لە 500 هەزار ئاوارە لەنێو کەرکووک و کاریگەرییان لەسەر دیمۆگرافیای شارەکە، نەجمەدین کەریم، پێیوایە، دەبێت ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان. "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ئێمە قبووڵ ناکەین لە دیالەوە بڕیار بدرێت كە ئاوارەكان نەگەڕێنەوە".
ئاماژەیش دا، "ئەگەر ئەمانە خەڵکی خراپن، با بگەڕێنەوە دیالە و لەوێ لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی لە تائیفەیەکن رێگەیان لێ بگیرێت، ئەوە قبووڵ ناکرێت".

پارێزگاری کەرکووک رەخنەش لە هەردوو رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) و چاودێریی مافەكانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) ده‌گرێ و دەڵێت "لەبری ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئیدارەی کەرکووک و پێشمەرگە، با بچن لەگەڵ بەرپرسانی دیالە و بابل و سەلاحەدین قسە بکەن و بزانن، بۆچی لێناگەڕێن ئەو خەڵکانە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان".




PM:07:03:16/11/2016