حكومەتی عێراق بڕیاریدا تەنها مامەڵە لەگەڵ حكومەتی هەرێم بكات

حكومەتی عیراق بڕیاری داوە تەنها مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات، بەوەش رەنگە پێشنیارەكەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی بۆ مامەڵەی سەربەخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم شكستبهێنێت.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ (17/11) سەعد حەدیسی وتەبێژی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە كەناڵی (رووداو)ی راگەیاند، "حكومەتی عیراق تەنها مامەڵە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەكات نەك پارێزگاكان بەجیا".

ئەو لێدوانەی سەعد حەدیسی دوای ئەوە دێت، کە ئارام شێخ محەمەد، سەرکردەیەکی دیاری گۆڕان داوای لە حکوومەتی عێراق کرد، کە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مامەڵە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی بکات و مووچەی فەرمانبەرانی ئەو پارێزگایە بنێرێت.

دوێنێش كاوە محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند، سورن لەسەر سەرخستنی پێشنیاری مامەڵەكردنی حكومەتی عیراق بەشێوەیەكی سەربەخۆ لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی بودجەو موچە، لەكاتێكدا ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند نەبێت بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی 2017ی عیراق، كە هەردوولا پابەند دەكات بە تەسلیمكردنی 550 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە بەرانبەر 17%ی بودجەی گشتیی عیراق.




PM:01:36:17/11/2016