نوسینگەی عەبادی: رێككەوتنەكەمان كشانەوەی پێشمەرگەی تێدایە

نوسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی رایگەیاند: رێككەوتنی نێوان بەغداو هەولێر بەئاشكرا باس لەكشانەوەی هێزی پێشمەرگە لەناوچە ئازادكراوەكان دەكات لەدوای ئازادكردنی موسڵ بۆ ناوچەكانی پێشویان بەر لەدەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی ئازادكردنەوەی شارەكە.

نوسینگەی سەرۆكی وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوەكەیدا دەڵێت: دەمانەوێت ئەو دووپات بكەیتەوە كە رێككەوتنەكەی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان سەبارەت بەئازادكردنەوەی پارێزگای نەینەوا، هێشتا وەك خۆیەتی و هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا نەكراوەو لەسنوری پارێزگاكەش پێشمەرگەو سوپای عیراق شانبەشانی یەكتر شەڕی داعش دەكەن.

هەر لەراگەیەنراوەكەدا، ئاماژە بەوەشكراوە: رێككەوتنەكە بڕگەیەكی روونی تێدایە سەبارەت بەكشانەوەی هێزی پێشمەرگە لەناوچە ئازادكراوەكان، دوای ئازادكردنی موسڵ بۆ ناوچەكانی پێشوی خۆیان، كە بەر لەدەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە لەدەستیاندابووەو ئەمكارەش لەچەند ناوچەیەك جێبەجێكراوە.

نوسینگەی راگەیاندنی عەبادی دەشڵێت: بەڵام ئەو ناوچانەی لەسەردەمی حكومەتەكانی پێشودا هێزی پێشمەرگەی تێدا جێگیر بووەو هەندێكیان پێش دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی (وا هاتین نەینەوا) ئازادكراونەتەوە هیچ رێككەوتنێكیان لەبارەوە نەكراوەو دەچنە ژێرباری دەقە دەستورییەكان بۆ دەستنیشانكردنی خاوەندارێتیان.

لێدوانەكەی نوسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق كە ئەمڕۆ 2016/11/17 بڵاویكردۆتەوە دوای تێپەڕبوونی رۆژێك دێت بەسەر وتارێكی مەسعود بارزانی كە لەناحیەی باشیك پێشكەشیكردو تیایدا رایگەیاندبوو: وەزارەتی پێشمەرگە رێككەوتنی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەمریكاو وەزارەتی بەرگریی عیراق هەیەو بەپێی رێككەوتنەكەش لەو ناوچانە ناكشێتەوە كە كۆنترۆڵی كردونەتەوە.




PM:03:22:17/11/2016