بارزانی ئامادە نییە لەسەر ئەو خاکەی کوردستان کە پێش پرۆسەی سەربازی موسڵ پێشمەرگە رزگاری کردووە گفتوگۆ بکات، هاوکات ئامادەیی تێدایە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو زەویانەی دوای پرۆسەی سەربازی موسڵ ڕزگارکراوە.
لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بەشی فارسی بی بی سی وتی "ئەوەی جێگای گفتوگۆیە لەسەرە ئەو شوێنانەن کە پێشمەرگە دوای ١٧ی تشرینی یەکەم کۆنترۆڵیکردوون و ئەو ناوچانەش بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن".
سەبارەت بەو شوێنانەی لەگەڵ پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ لەلایەن پێشمەرگەوە ئازادکراون، بارزانی دەڵێت " کاتێک زانیمان گوندە مەسیحی و ئێزدی و شەبەکەکان هیچ مەترسییەک لە سەریان نییە ڕەنگە بکشێنەوەو، هاوکات ئەو کەسانەی کە دەستیان هەیە لە کوشتنی خەڵکی ئێمە و گرتنی کچ و ژنانی ئێزدی، هەرگیز لێیان خۆشنابین و ناهێڵین بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان".
سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران لە پاراستنی هەرێم لە داعش بارزانی وتی "ئێران لە سەرەتاوە هاوکاری ئێمەی کرد و چەک و پێداویستی پێداین، بۆیە ئێمە ئەوە لەبیرناکەین وەک چۆن هاوکاری دەوڵەتانی دیکەش لە بیر ناکەین".
دەربارەی هاوکاریکردنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن هەرێم و بارزانیەوە، ئەو وتی "ئێمە حەز دەکەین کە ئاسایشی خۆمان و دەوروبەرمان ئارامبێت، سەبارەت بە هاوکاری دیموکراتیش دەڵێین دیموکرات لە هەرێم و لە ئێرانیش هێزیان هەیە، لێرەوە ڕای دەگەیەنم کە بە شەڕ هیچ شتێک چارەسەر ناکرێت، بۆیە لەسەر ئێرانیش پێویستە کە گفتوگۆبکات لەگەڵ حزبە کوردییەکان".