بڕی كارەبای مولیدە ئەهلییەكان كەم دەكات

بەرێوه‌بەری مۆلیدە ئەھلیەکانی ھەولێر ده‌ڵێت، لە مانگی 12وه‌ رۆژانە ھەشت سه‌عات کارەبای مۆلیدە بە ھاووڵاتیان دەدرێت، ئەگەر لەوکاتانەی کارەبای نیشتیمانی بێتەوە لە کاتەکانی دیکە قەرەبوو ناکرێتەوە.
 
(قارەمان مەوولود) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی راگەیاند: "له‌ مانگی ڕابردوودا بۆ ھەر ئەمپێرێک 7750 دینار لە ھاووڵاتیان وەرگیراوە و ھەزار دیناریش لەمانگی پێشووتر مابوو، بۆیە بەگشتی 8750 دینار لە مانگی11لە ھاوڵاتیان وەرگیراوە، تەنیا لە ھەندێک شوێن جیاوازی ھەبووە.''

 وتیشی: "بۆ مانگی 12رۆژانە له‌ سه‌عات حەوتی بەیانی تاوەکو ھەشت و لە پێنجی ئێوارە تاوەکو 12شەو کارەبای مۆلیدە بە ھاووڵاتیان دەدرێت، کە نرخی ھەر سه‌عاتێك کارەبا 45 دینارە و لە کۆتایی مانگدا چەند سه‌عات کارەبا بەھاووڵاتیان بدرێت ھێندە پارە وەردەگیرێت، چونکە لەو سه‌عاتانه‌ی مۆلیدە پێدەکرێت گەر کارەبای نیشتیمانی بێتەوە لە کاتەکانی دیکە قەرەبوو ناکرێتەوە، تەنیا لە نرخەکەی کەم دەکرێتەوە.''
 
بەرێوه‌بەری مۆلیدە ئەھلیەکانی ھەولێر ده‌شڵیت، ئەگەر نرخی گازوایل کە ئێستا500دینارە گۆرانکاری بەسەردا بێت، ئەوکات نرخی کارەباش گۆڕانکاری بەسەردا دێت.




PM:02:23:01/12/2016