د. بورهان یاسین بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان لە توێژینەوەیەکدا بەناونیشانی "باشوری کوردستان لە بەردەم دووڕیاندا"، پێیوایە بەستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان لە دەرەوەی هەولێر، بەبێ پارتی (یا راستتر تۆ بڵێ بە رەغمی پارتی) هەوڵێکی سەرنەکەوتووە.
د. بورهان یاسین لەو توێژینەوە درێژەدا لەسەر ئەم پرسە زیاتر دەدوێت و دەڵێت " بەستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان لە دەرەوەی هەولێر، بەبێ پارتی (یا راستتر تۆ بڵێ بە رەغمی پارتی) هەوڵێکی سەرنەکەوتووە. لە حاڵەتی بە "رواڵەت" سەرکەوتنیشی، ئەوا لە هاوکێشەی سیاسیدا (تۆ بڵێ لە هاوسەنگی سیاسییدا) زۆر شت ناگۆڕێ و بە ئەگەری زۆر دواجار دەبێ بگەڕێیتەوە و لە چوارگۆشەی ژمارە یەکەوە دەست پێبکەیتەوە، ئەو چوارگۆشەیەی کە پارتی لەسەری وەستاوە و دەیەوێ هەمووان پەلکێشی ئەوێ بکات، چوارگۆشەی گفتوگۆ لەگەڵ گۆڕان بەر لە کاراکردنەوەی پەرلەمان".
د. بورهان یاسین دەڵێت" هەوڵی سازکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان لە دەرەوەی هەولێر، بە رەغمی پارتی، زیاتر لەم مەسەلەیە دەچێ تا هەر شتێکی تر: ئەوەی بە توڕەیی هەڵسێ، بە دۆڕاوی دادەنیشێ! بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان و بزاڤی گۆڕان و بەڕێزانی دیکە لە فراکسیۆنە جیاجیاکان پێویستیان بەم "توڕەبوونە" نییە".
سەبارەت بە کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت، د. بورهان یاسین لەسەر یەکێک لە رەهەندەکانی کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت، دەڵێت " پێم وایە بڕیاری کشانەوە لە حکومەت پێویستە، جگە لە رەهەندی کێشەکانی هەرێم، چەند رەهەندێکی دیکەش لەخۆ بگرێ: ١) هەوڵدان بۆ بەکاربردنی ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەی گۆڕان لەگەڵ خۆیدا ئاشتبێتەوە، بەو مانایەی کە دەنگێکی ناڕازی لە ناو بزاڤی گۆڕان هەر لە سەرەتادا هەبوو لە بەشداری کردنی بزاڤەکە لە حکومەت، وە لە کاتی بڕیاری کشانەوە لە حکومەت، هەر نەبێ دوای ئەم هەموو ماوەیە، ئەو دەنگ و کەسانەی کە هەر لە سەرەتادا گومانیان لە حیکمەتی بەشداریکردن لە حکومەتدا هەبوو ئەوەیان بۆ پشتڕاستبکرێتەوە کە هەر لە سەرەتاشدا حسێب بۆ رای ئەوان کرا بەڵام بە تایبەتی ئێستا راستی و دروستی ئەو رایەی ئەوان پشتڕاست بوویەوە!"
ئەم توێژەرە لەم نووسینەدا بەقوڵی بارودۆخی کوردستان و ئەگەر لەبەردەم هێزەکان و پێشبینی خۆی بۆ ئەو رووداوە سیاسیانە دەخاتە روو کە لە ئایندەیەکی نزیکدا روودەدەن.