دوو پێشمەرگەی بریندار کە براونەتە تورکیا بۆ چارەسەر رایدەگەیەنن " لە كاتی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی لە نەخۆشخانەكانی توركیا، بەدزیەوە گورچیلەیان دەرهێندراوە.
بەختیار جەبار یەكێكە لەو دوو پێشمەرگانە رایگەیاندووە" یەكێك لە گورچیلەكانم دەرهێنراوە بەبێ ئاگاداریی خۆم، گورچیلەم هیچ كێشەیەكی نەبوو، كاتێك كە لە نەخۆشخانەكە دەرچووم پێیان وتم: یەكێك لە گورچیلەكانتمان دەرهێناوە، بەبێ ئەوەی هیچ راپۆرتێكی پزیشكیم پێ بدەن".
شەماڵ جەبار یاوەر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شۆڕش لە شاری سلێمانی بەرۆژنامەی ئاژانس ی راگەیاندووە " زۆربەی ئەو پێشمەرگانەی چوونەتە توركیا ناڕازین لە شێوازی ئەو چارەسەرانەی بۆیان دەكرێت و یەكێك لەو پێشمەرگانەش لەگەڵ ئەوەی گورچیلەیەكی دەرهێنراوە، نەشتەرگەرییەكی بە هەڵە بۆ كراوە، لیژنەیەكی پزیشكیشمان دروستكردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكەی".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شۆڕش وتوشیەتی" تا ئێستا دوو پێشمەرگە هاتوونەتە لامان كە دەركەوتووە گورچیلەیان دەرهێنراوە".
لەم بارەیەشەوە قادر رەزگەیی ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان لە پەرلەمانی كوردستان وتویەتی" یەكێك لە پێشمەرگەكان جگە لەوەی گورچیلەی دەرهێنراوە، لەفاف لەناو سكیدا جێ ماوە".
لەلایەن خۆشیەوە پێچەوانەی ئەو لێدوانانەش، د.موحسین محەمەد سەرۆكی لیژنەی رەوانەكردنی پێشمەرگە بریندارەكان بۆ دەرەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت" گورچیلەی ئەو دوو پێشمەرگەیە كێشەیان هەبووە بۆیە بە ناچاری دەركراون".