وەزارەتی ئەوقاف بە توندی هێرش دەكاتەسەر ئێران

وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ناڕەزایی دەردەبڕێت لەسازكردنی كۆنگرەیەك لە شاری سلێمانی كە نوێنەری رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران تیایدا بەشداربووە، ئەوەش بەدەستوەردانی ئەو وڵاتە دادەنێت لەكاروباری هەرێمدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی ناڕەزایی سەبارەت بەو كۆنفرانسەی بەناوی (شافعی) لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا بڵاوكردەوە و بەدەستوەردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی دادەنێت لەكاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە "لەكاتێكدا بارودۆخی ناوچەكە بەحاڵەتێكی هەستیارو پڕ لەكێشەی مەزهەبی‌و ئاینیدا تێپەڕدەبێت ‌و لەوكاتەی تەنها چەند سەعاتێك بەسەر كردەوەیەكی تیرۆریستی لەشاری كۆیە تێپەڕبوە، رۆژی چوارشەممە 21/12/2016 لە شاری سلێمانی كۆنفرانسێكی ئایینی بەناوی (شافعی) بەبێ ئاگاداری وەزارەتی ئەوقاف ‌و بەبەشداری نوێنەری رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران و چەند بەرپرسێكی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت".

 ئاماژەشی داوە بەوەی، جگەلەوەی ئەو كارە دەستوەردانێكی خراپە لەكاروباری ئاینی، لەهەمان كاتیشدا ئیستیفزازكردنی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم و مامۆستایانی ئاینی و خەڵكی كوردستانیشە بەگشتی. بۆیە ناڕەزایی توند بەرامبەر بەهەموو ئەو كەس ‌و لایەن ‌و ئەم دەستوەردانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەكاروباری ئاینی هەرێمی كوردستان دەردەبڕین.




PM:02:38:22/12/2016