خاڵی "ئەو کچەی سوتێنرا" هاتە دەنگ

فەرزین کەریم خاڵی سەروین نۆبەدار کچە خوێندکارەکەی زانکۆی ئیشک ڕایگەیاند بۆ ئەلە،جار ؛ەسەر ڕووداوەکە هاتووەتە دەنگ .


فەرزین لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاندووە "لەم چەند کاتژمێری ڕابردوودا، بە دەیان و بگرە سەدان چالاکوان و ئاژانس و دەزگای میدیایی ناوخۆیی و بیانی بە شێوەی جیاواز هەوڵی پەیوەندی دەدەن بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەسەر تراژیدیای سەروینی جوانەمەرگ،(کە ئەمە جێی ڕێزە)".


هەروەها توشییەتی "بە هیچ شێوەیەک بەندە، تەنانەت وەڵام و زانیاریم نەداوەتە تاقە دەزگا و کەسێکیش، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاست و دروست، ڕووداوەکە ئاشکرا بکرێت.. بۆیەشە هەر کەسێک یان دەزگایەک بە ناوی من و بنەماڵەکەم بدوێت، دوورە لە ڕاستی".

لە بەشێک لە پەیجەکانی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە کە سەروین نۆبەدار لەلایەن باوکییەوە سوتێندراوە، دوای ئەوەی کوڕێکی خۆشویستووە و باوکیشی ناڕازی بووە کە بیداتێ، بەڵام تا ئێستا ئەو زانیارییانە پشتڕاست نەکراوەتەوە

تا ئێستا ساغ نەبۆتەوە کە ئەو کچەی زانکۆی عیشق کە خەڵکی ناوچەی مێرگە سوورە لەلایەن باوکیەوە سوتێنراوە، یان رووداوێکی ئاسایی بووە، پۆلیس و ئاسایش لە لێکۆڵینەوەدان لەو رووداوە.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە شێوەیەکی بەربڵاو دەنگۆی ئەوە بڵاو کراوەتەوە کە لە هەولێر، کچێکی قوتابیی زانکۆی ئیشق لەلایەن باوکییەوە بە بەنزین سووتاوە، باسیش لەوە دەکەن کە سووتاندنەکە بەهۆی ئەوە بووە کە کوڕێک خوازبێنیی ئەو کچەی کردووە، بەڵام باوکی کچەکە ڕەتی کردووەتەوە و دواتر لە ژوورێکدا بە بەنزین سووتاندوویەتی.


غەفوور مێرگەسۆری، قایمقامی مێرگەسۆر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندووە ”هەواڵی ئەو کچە وەک خۆی بڵاو نەکراوەتەوە، ئێمە پشت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەبەستین، پشت بە قسەی سەرشەقام نابەسترێت، ئەو کچە، کوڕێکی خۆش ویستووە، ماڵی کوڕەکە نەک بە فەرمی، بەڵکوو چەند جارێک بە ماڵی کچەکەیان گوتووە کە کچەکەیان کوڕەکەی ئەوانی خۆش ویستووە، حەزدەکەین بیدەنێ، واتە داواکردنی کچەکە بە فەرمی نەبووە، یانی ماڵی کوڕەکە بچنە داوای کچەکە، چونکە خێزانی ئەو کچە بۆ ئەو بابەتە پێیان خۆش بووە بیدەنێ، بەڵام دیارە باوکی کچەکە هەندێک موعارز بووە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی خواستن، بەفەرمی پێشی بڵێن دەیخوازین".


غەفور مێرگەسووری ئەوەشی نەشاردەوە کە بۆچوونی جیاواز لەبارەی گیان لەدەستدانی کچەکەوە هەیە "هەندێک دەڵێن باوکەکە کچەکەی خۆی سوتاندووە، بەڵام ئێمە باوەڕ ناکەین بچێتە عەقڵەوە کە باوک کچی خۆی بسوتێنێت، هەندێکیش دەڵێن ئاگر بەربووەتە ماڵەکە، کچەکەش لەناو ماڵەکە بووە و سوتاوە، چونکە واباس دەکرێت نەوت لەوێ ڕژاوە، بەڵام لێکۆڵینەوە دەکرێت، ئەگەر باوکەکە ئەوەی کردبێت، ئەوە بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەگەر قەزاوقەدەری خواش بێت، ئەوە شتێکە لە دەرەوەی ویستی کەسدایە".


غەفوور مێرگەسۆری بەو ماڵپەڕەی راگەیاندووە ”لە سنووری ئێمە، هەر کچێک کوڕێکی خۆش بوێت، پێویستە دایک و باوکی کچەکە، بە کوڕەکەی بدەن، چونکە لێرە ئەو یاسا و ڕێسایانە لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزان و مەلا مستەفای بارزانیدا هەبووە، نە ژن بە ژنی هەیە، نە نەخت هەیە، هەر کچێک کوڕێکی خۆش بووێت، بە مەرجێک کوڕەکە باش بێت و گرفتی نەبێت، ڕێگری لێ ناکرێت، ئەگەر دایک و باوکی کچەکەش ئامادە نەبوون بەو کوڕەی بدەن، لێرە گەورەی خۆمان هەیە، ئەوان بابەتەکە یەکلا دەکەنەوە و ناچاری دەکەن کچەکەیان بدەنێ، ئەگەر گرفتێک هەبێت، بە پێی زەمان چارەسەر دەکرێت، بەڵام بۆ ئەم پرسە، هێشتا هیچ دیار نییە، دوای تەواوکردنی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، بە فەرمی ئەنجامەکەی ڕادەگەیەنرێت".


باوکی کچەکە فەرمانبەرە و کچەکەشی تەمەنی 20 ساڵانە، هیچ سکاڵایەک لەسەر گیان لەدەستدانی ئەو کچە تۆمار نەکراوە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی هەواڵی سووتانی ئەو کچە لەلایەن باوکیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلیس و ئاسایش دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوەکە.






PM:02:40:24/12/2016