فەرماندەیەكی پەكەكە رایدەگەیەنێت، پارتی ئازاری شەڕی ئێمە لەھەموو كەس باشتر دەزانێت، دەشڵێت، بەداخەوە جلوبەرگی كوردیان لەبەرەو بەزمانی كوردی قسە دەكەن، كەچی بیروبۆچوونیان توركیە.
عەگید كەلاری، فەرماندەی ھێزەكانی پاراستنی گەل (ھەپەگە – باڵی سەربازی پەكەكە) لەچیای شنگالەوە، ڕایگەیاندووە " لێدوان و قسەكانی پارتی و بەرپرسانی ئەو حزبە، خزمەت بەبەرژەوەندی گەلی كورد ناكەن و بانگەشەی شەڕی براكوژین، جگە لەوەش ئێمە بۆچوونمان ڕوونە، ھەر شتێك پێویست بێت بەكوردستان دەتوانن لەكۆنگرەی نەتەوەیی قسەی لەسەر بكەن".
لەپەیامێكدا فەرماندەی ھەپەگە ھۆشداری لەبارەی ئەو جۆرە ھەڕەشانەوە دەدات و دەڵێت: "كاك نێچیرو پارتی ئاگاداردەكەینەوە ئەو قسانە نەكەنەوە كە خزمەت بەگەلی كورد ناكەن و شتێك بڵێن خزمەت بكات، ئێمە بایەخ بۆ قسەی ئەملاو ئەولا دانانێین".
عەگید كەلاری بەتەنزەوە نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت: "بەداخەوە جلوبەرگی كوردیان لەبەرەو بەزمانی كوردی قسە دەكەن، كەچی بیروبۆچوونیان توركیە".
سەبارەت بەئەگەری شەڕی براكوژی، فەرماندەی ھەپەگە ئاشكرایكرد: ئێمە تەسلیم بەكەس نابین و پارتی بۆ خۆی باش ئێمە دەناسێت و لەرابردووشدا پێكەوە شەڕمان ھەبووەو ئازاری شەڕی باشتر لەھەمووكەس دەزانێت، حەزیشناكەین شەڕ دووبارە ببێتەوەو كورد ١٠٠ ساڵ بگەڕێنینەوە بۆ دواوە.
وتەكانی ئەم فەرماندەی پەكەكە لەپاش وتەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دێت كە رایگەیاندبوو بۆ دەركردنی پەكەكە لەشەنگال ئەگەری ئەوە هەیە هێز بەکاربهێنرێت.
(زیاتر بخوێنەرەوە)