بڕی 100 لیتر نەوت دەدرێت بە هەر خێزانێكی هەرێمی كوردستان

بەوتەی پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بڕیاریداوە بڕی ١٠٠ لیتر نەوت بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابینبکات و بەشی سلێمانی ڕاستەوخۆ رەوانە دەکرێت.

فەرهاد قادر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی وت "لە ماوەی ڕابردوودا وەفدێکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەردانی حکومەتی عێراقمان کرد و پێشتریش بە نوسراوی فەرمی لە ڕێگەی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراقەوە سەردانی لایەنە پەیوەندارەکانی وەزارەتی لە وەزیری نەوت و جێگرەکەی کراوە، داوامان لیکردون کە هاوکاری هەرێمی کوردستان بن بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ئەم زستانە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەبێت ئەوەش بزانین کە بە گوێرەی ڕێککەوتنی نەوتی  نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا کە لە ساڵی ٢٠١٤ ئیمزاکراوە، پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی سپی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دابینبکات، بەڵام بە داخەوە ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو، بۆیە بۆ ئەوەی جیگرەوەیەک بۆ ئەو حاڵەتە و رەچاوکردنی بارودۆخی دارایی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدۆزینەوە، ئەوان لەڕێگەی هاوکاری وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بڕێک نەوت بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەریەکەیان بەشێوازێکی جیاواز و لە ڕێگەی پارێزگای ترەوە دەبێت.

بەگوتەی فەرهاد قادر، بۆ نموونە ئیدارەی گەرمیان لەڕێگەی هاوکاریکردنی پارێزگای دیالەوە  هاوکاری دەکرێت و ڕۆژانە بڕێکی باش نەوت دێت، پارێزگای سلێمانی ڕاستەوخۆ نەوتی بۆی دێت، چەمچەماڵ هەوڵیانداوە لەڕێگەی پارێزگای کەرکوکەوە بۆی بێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بڕی ١٠٠ لیتر نەوت وەربگرن و نرخی نەوت لە بازاڕەکانی هەرێمدا بەرزبوونەوە بەخۆیەوە نەبینێت.




PM:03:05:25/12/2016