حکومەت بڕیار لەسەر پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچە دەدات

بەرپرسێکی حکوومەت، ئاماژە بە پێداچوونەوەی سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران دەکات و دەڵێت "بڕیار وا بوو لە کۆتای ئەم ساڵ بڕیاری پێداچوونەوە بدرێت، بەڵام لەبەر هۆکارێک نەکراوە".

 د. ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە باسنیوزی ڕاگەیاند: "لەسەر دوو ئاست، هەموو ئەگەرەکان لەبەردەم حکوومەت کراوەیە، یەکەم: پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچەدا بکرێت، دووەم، چاکسازی لە سیستەمی ئیداریدا بکرێت، بەتایبەت دەرماڵەی دەرەوەی یاسا و ئەوانەی پلەی ناشایستەیان وەرگرتووە، بۆیە بابەتی پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوت، لە ئەولەویەتی کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ساڵی داهاتوو”.

ئەوەشی ئاشکرا کرد "لە ساڵی 2017دا بڕیارە حکوومەت پێداچوونەوە بە پلەی وەزیفیی ئەوانەدا بکات کە بەناهەق وەریان گرتووە، بۆیە ئەمە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانە کە ڕێکیان بخاتەوە، ئەمەش لە چوار چێوەی چاکسازییە لە کاری ئیداری، چونکە بەشێکی زۆریان لە فەرمانگە باڵاکانی حکوومەتدان".

ئاراس خۆشناو وتیشی "لە مانگی 9 و 10ی ئەمساڵدا، هەوڵێکی جددی بۆ گۆڕانکاری لە پاشەکەوتی مووچەدا هەبووە و بڕیاربووە ئەم کارە بکرێت، بەڵام بەداخەوە قەرزی کۆنی کەڵەکەبووی کۆمپانیا نەوتییەکان و زۆریی بڕی قەرزەکە، وایکرد کە هەموو مانگێکی ساڵی 2016 حکوومەت 160 ملیۆن دۆلاری قەرز بداتەوە، لە مانگەکانی 9 و 10شدا حکوومەت بڕی 185 ملیۆن دۆلاری قەرزی داوەتەوە، مانگی 11 حکوومەتی هەرێمی کوردستان 158 ملیۆن دۆلاری قەرزی کۆمپانیاکانی داوەتەوە”.

 




PM:09:10:25/12/2016