كۆبوونەوەی سێ سەركردە ئیسلامییەكە بە راگەیاندنێک كۆتایی پێهات

كۆبوونەوەی هەر سێ لایەنی ئیسیلامی، یەكگرتوو، كۆمەڵ‌و بزوتنەوە لەئاستی كەسی یەكەمی حیزبەكەیان پاش 4 كاتژمێر كۆتایی پێهات.

پاش كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنمەنوسیدا وردەكاریی كۆبوونەوەكە خرایە ڕوو و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ کۆمەڵ و بزوتنەوە ئیجابی بووە بە ئاڕاستەی یەکخستنەوەی ئیسلامییەکان.

بەپێی زانیارییەكان كۆبونەوەكە كەلە شاری سلێمانی بەرێوەچووتایبەت بوو بە تاوتوێكردن و چۆنیەتی كاری هابەش ی هەرسی لایەنە ئیسلامیەكەو بەتایبەتی بەشداریكردنی هەرسێ لایەن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.

لەكۆبونەوەی سێ لایەنە ئیسلامیەكەدا هەریەك لە مامۆستا سەڵاحەدین محمد بەهاالدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی و مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و مامۆستا عیرفان عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداربوون.

دەقی راگەیەندراوەکە

بسم اللە الرحمن الرحیم
ڕاگەیەنراوی كۆبونەوەی دەستەی باڵای كرای هاوبەشی لایەنە ئیسلامیەكان
دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبونەوەی هاوبەش لە نێوان سێ‌ لایەنە ئیسلامیەكە بە بەشداری لیژنەی  هاریكاری ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی،ئەمڕۆ شەمە 31-12-2016 یەكەمین كۆبونەوەی لوتكەی نێوان یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان بەبەشداری كەسی یەكەمی هەرسێ‌ لایەنەكە و نوێنەرانی لیژنەی هاریكاری ڕێكخراوەكان ئەنجام درا.
لە كۆبونەوەكەدا بەتێر و تەسەلی باس لە یەكڕیزی ناوماڵی ئیسلامیەكانی كوردستان و دانانی میكانیزمی كرداری بۆ كاری هاوبەشی نێوانیان تاوتوێ‌ كرا و لەو میانەدا بڕیاردراكە دەستەیەكی باڵای كاری هاوبەش پێك بهێنرێت، بۆ دانانی ڕێوشوێنی پێویست بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پرۆژەی یەكخستن و یەكگرتنی ئیسلامیەكان بەشێوەیەكی قۆناغ بەندی.
هەر لەكۆبونەوەكەدا جەخت كرایەوە لەسەر ئەوەی ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەكی نیشتمانیە ئامانج لێ‌ ی وێڕای تۆكمەكردن و بەهێزكردنی تەوژمی ئیسلامیی كوردستان و پاراستنی كۆمەڵگەی كوردستانی لەدیاردەدزێوە كۆمەڵایەتیەكان و توند ڕەوی و تیرۆر و هەروەها گەشەدان بە ڕەوتی هاوسەنگ و میانڕەو.
بۆ ئەوەی ئیسلامیەكانی كوردستان هەردەم فاكتەرێكی ئیجابی و بنیاتنەربن، لەسەقامگیركردنی هەرێمی كوردستان و ئە كتیڤ كردنی پرۆسەی چاكسازی سیاسی  ڕاستە قینە و بەگژدا چوونەوەی گەندەڵی و ناعەدالەتی و هێنانەكایەی شەفافیەت لەچۆنیەتی دابەشكردنی سامانی گشتی و باش كردنی باری بژێو و  گوزەرانی هاوڵاتیان بەگشتی و توێژی فەرمانبەران و مووچە خۆران بەتایبەتی و كۆتایی هێنان بە سیاسەتی پاشەكەوتی زۆرە ملێ‌.
هەروەها ئەم پرۆژەیە هەنگاوێكی گرنگە بە ئاڕاستەی یەكڕیزی ناو ماڵی كوردی و كۆتایی هێنان بەم حاڵەتی لێكترازانە سیاسیەی كە هەرێمی كوردستانی ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی دژواركردوەتەوە.
هەر لەو سۆنگەیەوە كۆبونەوە داوای كرد دانوستان و گفتووگۆی نێوان لایەنە سیاسیەكان بەزوترین كات دەست پێ‌ بكات و كاری جدی بكەن بۆ كۆتای هێنان بەم  قەیرانە سیاسیەكە و ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانی و بەگەڕخستنەوەی دەزگا شەرعیەكان.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان



PM:02:52:31/12/2016