یەكێتی: نەوشیروان مستەفا بەنیاز نییە بگەڕێتەوە كوردستان
جەمیل هەورامی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی لە باڵی "ناوەندی بڕیار" رەخنە لە نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان دەگرێتو دەڵێت: نەوشیروان مستەفا بەنیاز نییە بگەڕێتەوە كوردستان.
جەمیل هەورامی لە میانەی دیمانەیەكدا لەگەڵ (رووداو) سەبارەت بە یەكگرتنەوەی گۆڕانو یەكێتی دەڵێت: پێشتر سەرسەختانە دژی گۆڕان بووم، بەڵام كاتێك دۆخی زۆنی سەوزم دەبینی لەو فەوزایەدا كە خەریك بوو ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی تێكدەچوو، ئەمنییەتی ئابووری نەمابوو، سەرسەختانە پشتگیری یەكگرتنەوەی یەكێتی و گۆڕانم كرد لە جیاتی رێككەوتننامەی سیاسی، لەگەڵ ئەوە بووم رێككەوتننامەكە ببێتە هەنگاوێك بۆ یەكگرتنەوە، بەڵام دوای رێككەوتننامەكە، برادەرانی گۆڕان بەتایبەتیش كاك نەوشیروان لە ئاستی تموحی ئێمەدا نەبوو كە كاریگەریی هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
لەوەڵامی ئەوەی دوای رێككەوتننامەكە، بۆتان دەركەوت نەشیروان مستەفا مەیلی بۆ یەكگرتنەوە نییە؟ جەمیل هەورامی دەڵێت: نەك مەیلی بۆ یەكگرتنەوە نییە، بەڵكو لە جیاتی دانیشتن بۆ چارەسەری كێشەكان، دووركەوتەوە، بۆ نموونە لە پەیكەربەندیی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا، كاك نەوشیروان بووە لایەنگر و موراعاتی دۆخی یەكێتی و ناوەندی بڕیاری نەكرد. لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بڕیار درا ئەكرەم شەریف بكرێتە سەرۆكی ئەنجوومەن، بەڵام بۆ سبەی پەشیمان بوونەوە، ئەوەش بە بڕیاری هێرۆخان.
سەبارەت بەوەی كە ئایا لە پاش رێكەوتنامەكەوە هیوای بە یەكگرتنەوە هەبووە دەڵێت: ساڵی رابردوو دوای گەڕانەوەی كاك نەوشیروان سەردانم كرد و قسەم لەگەڵ كرد و ئەو ئومێدەشم پێی هەبوو، بەڵام رۆیشتەوە بۆ لەندەن، ئەوەش لە دۆخێكی قەیراناویدا بەتایبەتی لە زۆنی سلێمانی كە چەندین كێشە هەبوون. لەوانە مەسەلەی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە، كێشەكانی یەكێتی، ئەوەش رێككەوتننامەكەمان بێ ئەوەی خاڵێكی جێبەجێ كرابێت، بۆیە ئەگەر لێرە بووایە رەنگە كاریگەری لەسەر چارەسەری كێشەكانی یەكێتی و یەكگرتنەوەكەش هەبووایە.
سەبارەت بە گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ كوردستان جەمیل هەورامی دەڵێت: ئەوەندەی لە برادەرانی گۆڕانم پرسیوە بەنیازی گەڕانەوە نییە.
هەروەها دەڵێت ئەو بۆ چارەسەری تەندروستی نەچووە "چونكە ئەگەر بۆ چارەسەری تەندروستی بێت دەتوانێت لێرەش دەرمان بەكاربێنێ".
PM:04:29:03/01/2017