بە فەرمی دەستکاری مووچە راگەیەندرا

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم دەستکاریکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی راگەیاندو دوای مانگی نەورۆز پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوتدا دەکرێت.

رابەر سدیق، بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی (رووداو) رایگەیاند، باری دارایی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017 باشتر دەبێت، ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێ لە بەرزبوونەوەو رایەگەیاندووە"دوای نەورۆز پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەراندا دەكرێ"‌.

بریکاری وەزیری دارایی لەسەر سێ‌ بنەما پێشبینی ئەوە دەكات و، ئەو پێیوایە دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان لەم ساڵدا باشتر بێت، ئەوانیش:

یەكەم: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیە بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە ئەوا كاریگەری باشی دەبێت لەسەر داهات و باری دارایی هەرێمی كوردستان. 

دووەم: پێداچوونەوە و چاكسازی لە هەیكەلی وەزارەتی دارایی و باشتركردنی سیاسەت و بەڕێوەبردنی دارایی هەرێمی كوردستان. 

سێیەم: كەمبوونەوەی خەرجیی شەڕی داعش و تیرۆر، چونكە ئەم شەڕە بارگرانییەكی گەورەی لەسەر حكومەت دروستكردووە. بۆیە ئەگەر شەڕەكە سووكتر بێت، خەرجی و تێچوونی كەم دەبێتەوە. دەكرێت ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ خەرجیی شەڕ و تیرۆر بەكاردەهێنرێ‌، لە بری ئەوە بۆ خزمەتگوزاری و ئاوەدانی بەكاربهێنرێت. ئەنجام بڕێك پارەی زیاتر دەكەوێتە بازاڕ و كاریگەری لەسەر بازاڕ و كار و كاسبی دەبێ. بۆیە ئەگەر ئەم سێ گریمانەیە بێنەدی، ئەوان لە دوای نەورۆزەوە گۆڕانكاری بەرچاو لە ئابوری هەرێمدا دەبێت.

رابەر سدیق جەخت دەکاتەوە بە زیادبوونی داهاتی هەرێمی كوردستان كاریگەری لەسەر مووچەخۆران دەبێت، ئەویش بە دوو هەنگاو:

هەنگاوی یەكەم: دڵنیابوونەوە لەوەی حكومەت بتوانێ مووچەی مانگانە لە كاتی خۆیدا بدات. 

هەنگاوی دووەم: پێشبینی دەكرێت لە دوای نەورۆز حكومەت دەست پێبكات و پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەكەوت و زیادكردنی مووچە بكات، چونكە گوزەرانی خەڵكی بە گشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی خراپە.




AM:09:57:09/01/2017