پەرلەمانتارێکی پارتی: ٢٢ ساڵە لەناو پارتی جگە لەئیهانەو سووکایەتی هیچم دەستنەکەوت

‌وێنە.. تۆڕی هەواڵی سلێمانی
پەرلەمانتارێکی پارتی و کەسایەتیەکی دیاری ناوچەی راپەڕین دەستی لەکارکێشایەوەو دەڵێت" :"٢٢ ساڵە ماڵ و موڵک و شوێن و جێگەی خۆم جێھێشتوەو بەدوای پارتی کەوتوم، بەڵام لەو ماوەیەدا جگە لەئیھانەکردن و سوکایەتی پێکردن ھیچی ترم دەستنەکەوت، بۆیە جام کە پڕبوو لێی دەڕژێت و منیش چیتر تەحەمولم نەماو ئەمە ئاشکرادەکەم".

مامەند عەباس ئاغا پەرلەمانتاری پێشوو ھەروەھا بەرپرسی پێشوی لقی ڕانیەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند، "من ھەر لەسەرەتاشەوە پارتیی نەبوم و بڕوام بەحزب نەبوە، لە ٢٠٠١یش کە بومە پەرلەمانتار، پارتی ویستی لەڕێگەی بنەماڵەو عەشیرەتەکەمانەوە دەنگ بۆخۆی کۆبکاتەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی پێشوی پارتی ئەوەشی ڕونکردەوە، ئەو وازی لەکاری حزبیی ھێناوەو بڕواشی پێی نەماوە، وەکو مامەند وتی"حزبی کوردی بۆ خزمەتکردنی خەڵک دروستبوە، بەڵام کە ئێستا تیجارەت بەمافی ئەو میللەتەوە بکەن، ئەوە من لەگەڵی نیم و دەستبەرداری دەبم و بڕوام بەھیچ حزبێک نەماوە".

ئەوەشی ئاشکراکرد، "ھەر لەسەرەتاوە ویستم خۆم بپارێزم لەوەی کە بەموڵکی لایەنێک ناوم بەرن، بۆ نمونە ساڵی ١٩٩٢ کە ناوم ھەبوو بۆ خولی یەکەمی پەرلەمان، داوای لێبوردنم کردو نەچوم، بەڵام ساڵی ٢٠٠١ چومە پەرلەمان".

مامەند عەباس ھۆکاری کاندیدکردنی خۆی لەلایەن پارتیەوە بۆ ئەوە گێڕایەوە، کە ئەو حزبە ویستویەتی لەھەڵبژاردنەکاندا دەنگێکی زۆر لەڕێگە عەشیرەت و بنەماڵەکەیەوە کۆبکاتەوە، "ئەگەرنا ھەموکات حزبەکانی کوردستان پێویستیان بەئێمە بوە، نەک ئێمە پێویستمان بەھیچ حزبێک بێت".

پەرلەمانتارەکەی پێشوی پارتی جەختی لەوەشکردەوە، ماوەی ١٢ ساڵە لەماڵی خۆی دانیشتوەو ھیچ پەیوەندیەکی بەحزب و بەتایبەتیش پارتیەوە نەماوە، ئەوەشی وت:"من نەک پارتی، بەڵکو ھیچ حزبێک نیم و بڕواشم بەھەرچی حزب ھەیە، نەماوە".

مامەند عەباس ئاغا کوڕی عەباس ئاغای مامەند ئاغای سەرۆکی پێشوی عەشیرەتی ئاکۆیەو بنەماڵەیەکی ناسراوی دەڤەری راپەرینن.




AM:11:09:19/01/2017