وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئاشکرای کرد وەفدێکی هەرێم لەسەر پرسی سەرڤەخۆیی سەردانی بەغدا دەکات.
مەحمود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی پارتی لە لێدوانێک بۆ میدیاکان وتی " لەكۆبونەوەی چەند رۆژی رابردووی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا بڕیاردراوە وەفدێك سەردانی بەغدا بكات و گفتوگۆكانیان لەسەر چەند پرسێك دەستپێبكات".
ناوبراو وتیشی "دەبێت پەیوەندییەكانمان رێكبخەینەوە، ئێمە نەتوانیمان بە ئۆتۆنۆمی بژین نەتوانیشمان بە فیدرالی لەگەڵ یەك بژین، ئێستا چۆن پێكەوەبژین؟".
مەحمود محەمەد کە بەرپرسی میدیاکانی پارتیشە وتی "رەنگە بژاردەی هەرە لەپێشینە ئەوە بێت چۆن پێكەوەبژین؟ ئەم وەفدە دەچێت گفتوگۆی سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدادا دەكات".
لەلایەكی ترەوە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەلێدوانێكدا رایگەیاند، وەفدەكە لە پێنج لایەنە سیاسییەكەی هەرێم پێكدێت و نوێنەری دوو پێكهاتەی تێدایە.
تا ئێستا گۆڕان هێج بابەتێکی لەسەر ئەو پرسەو بەشداریکردن و نەکردنیان لەو وەفدەدا بڵاونەکردۆتەوە.