" پارتی خەریکە لە پەیامەکەی بارزانی پاشەکشە دەکات"

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند" پارتی ئەوەندەی هەوڵی ئەوەدەدا كە یەكێتی تێكەڵی هاوكێشەكەی خۆی بكات، نیو ئەوەندە بۆ چارەسەر كردنی راستەقینەی قەیرانەكان ئامادەنیە و خەریكە لەدەستپێشخەریكەی بارزانیش پەشیمان دەبێتەوە".
 
ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە ژێر ناونیشانی " یەكێتی و پارتی، چارەسەر یان قوڵكردنەوەی قەیرانەكان؟" ڕایگەیاند:" پەیوەندی باشی نێوان یەكێتی و پارتی گرنگە، ھەر وەكو پەیوەندی نێوان یەكێتی و گۆڕانیش، پێویستە یەكێتی و پارتی لە ئاستی ئەو گرنگیەدا پەرە بەپەیوەندیەكانیان بدەن، بەڵام پەیوەندی باشی ئەو دوو لایەنە نابێ نە ھەڕەشە بێ بۆ سەر لایەنەكانی تر و نەخەڵكیش بەگومانەوە لێی بڕوانن، بەڵكو دەبێ بەرژەوەندی گشتی و تێپەراندنی قەیرانەكان بنەماو ئامانجی پەیوەندیەكان بن".
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت " ئەم ماوەیە باسی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی گەرمە، ئەگەر رێككەوتنەكە بۆچارەسەر كردنی قەیرانەكان و لە پێناوی گەلی كوردستان بێ مایەی دەستخۆشی و ستایش و پشتیوانی كردنە،بەڵام ئەگەر رێككەوتنەكە بەبێ چارەسەر كردنی كێشەكانی سەرۆكایەتی ھەرێم و پەرلەمان و حكومەت و بەبێ بەشداری لایەنەكانی تربێ ئەوا قەیرانەكان گەورە تر و قوڵتر دەكەنەوە، ئاماژەكان تا ئێستا ئەوەمان پێدەڵێن كە پارتی ئەوەندەی ھەوڵی ئەوەدەدا كە یەكێتی تێكەڵی ھاوكێشەكەی خۆی بكا نیو ئەوەندە بۆ چارەسەر كردنی راستەقینەی قەیرانەكان ئامادەنیە و خەر یكە لەدەستپێشخەریكەی بارزانیش پەشیمان دەبێتەوە ...!؟".

 
ئارێز پێیوایە" پارتی بە دەستێكی كراوەو دڵێكی سەخیەوە بۆ یەكێتی ھاتۆتە پێش، من ئەگەر ئەوە بەنیاز پاكیش لێكبدەمەوە ھێشتا ماستەكە بێ موو نابینم، بەڵام دەبێ سەركردایەتی یەكێتی ئەوە بزانێ كە ئامانج و خواستی یەكێتیەكان چارەسەر كردنی قەیرانەكانە، نەك وەدەستھێنانی چەند پۆست و پلەو پایەك (كە ھەندێك پۆست لیكاو لە دەمی ھەندێك كەس دەھێنن) بە دووبارە كردنەوەی (٣٠)ی حوزیرانێكی تر".

 
ئارێز عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو: دەبێ پێش ئەوەی باس لە ناوەڕۆكی ڕێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی و بەیەكەوە بەڕێوەبردنی وڵات بكرێ لەسەر ئەوە رێك بكەوین كە پەرلەمان كارابكرێتەوە، كێشەی سەرۆكایەتی بەیاسا چارەسەر بكرێ و سەرچاوەكانی داھات و چۆنیەتی خەرج كردنیان بخرینە سەر بەری دەست و ھەڵوێستەكانمان لەبەرامبەر رۆژئاوا و عێراق یەك بخەین دەنا رێككەوتنێك بۆ دابەشكردنەوی پۆستەكان و برا بەشی نێوان یەكێتی و پارتی دادی گەلەكەمان نادا و یەكێتیەكانیش ھەرگیز پێی قایل نابن.





PM:12:22:21/01/2017