وادەی كۆتایی تۆماركردنی سیستمی بایۆمەتری موچە راگەیەنرا
بەوتەی سەرپەرشتیاری سیستەمی بایۆمەتری لە ئەنجومەنی وەزیران تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، تۆمارکردن بۆ سیستەمی بایۆمەتریی موچە بەردەوام دەبێت.
لەمبارەیەوە سەفین غەفوور، ڕاوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیران کە سەرپەرشتیی سیستەمی بایۆمەتریی مووچە دەکات، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، تائێستا زیاتر لە 600 هەزار کەس لە فەرمانبەر و مامۆستا و خانەنشین و مووچەخۆر، تۆماری بایۆمەتریی مووچەی کردووە. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە سیستەمەکە تا 15ی شوبات بەردەوام دەبێت و ئێستا لە زۆربەی بانکەکاندا پرۆسەکە بەڕێوە دەچێت.
سەرپەرشتیاری سیستەمەکە وتیشی: کە دوای 15ی مانگی داهاتوو، دیراسەی دۆخەکە دەکەن و ئەگەر زانییان خەڵکێکی زۆر هێشتا ناوی خۆی لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار نەکردووە، ئەوا ڕەنگە وادەکە درێژ بکرێتەوە، بەڵام ژمارەی بانکەکان کەم بکرێتەوە.
ڕاشیگەیاند: ”لەبارەی ئەو کەسانەی کە مووچەیان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و لە دەرەوەی وڵاتدان، هەر کاتێک گەڕانەوە، دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن، بۆ نموونە کەسێک مۆڵەتی بێ مووچەی بۆ ماوەی 3 ساڵ وەرگرتووە کە گەڕایەوە، ئینجا پەنجەمۆری لێ وەردەگیرێت".
PM:09:23:21/01/2017